رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە کێڵگەی گابار لە شرنەخ لە باکووری کوردستان گەیشتووەتە 83 هەزار و 300 بەرمیل.
ئالپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "گابار ئەمڕۆ بووەتە ناوەندی بەرهەمهێنان، رەخساندنی کار و هیوا."
وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بە بەرهەمهینانی نەوت کرد و گوتی: "بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتمان لە کیڵگەکانی گابار گەیشتە 83 هەزار و 300 بەرمیل و ژمارەیەکی نوێی تۆمار کرد."
کێڵگەی نەوتی چیاکانی گابار لە پارێزگای شرنەخ لە باکووری کوردستان، یەکێکە لە گەورەترین دۆزینەوە نەوتییەکانی ساڵانی دوایی تورکیا.
پێشتر ئەم ناوچەیە بەهۆی شەر و ململانێ چەکدارییەکانی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، گەڕان و پشکنین بەدوای نەوتدا لەو ناوچەیە سنووردار بوو، بەڵام دوای دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەری، چالاکییەکانی گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی نەوت لە ناوچەکەدا زیادی کردووە.
تورکیا دەیەوێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی گابار بگەیەنێتە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.


