رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 6-8-2026 کاژێر 15:30ی دوای نیوەڕۆ لە کۆشکی کۆماریی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە و پرۆسەی چارەسەری تەوەری سەرەکییە.
دوای پێشکێشکردنی پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بە پەرلەمانی تورکیا، دوایین دۆخی پرۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەژێر رۆشنایی ئەو راپۆرتە هەواڵگرییانەی لە ناوچەکەوە (شوێنی مانەوەی گەریلا) گەیشتوون، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا، جگە لە بابەتەکانی پەکەکە، بە گشتی دۆسیە ئەمنییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی دیکەش تاوتوێ دەکرێن.
چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا، بە شێوەیەکی گشتگیر هەڵسەنگاندن بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی تایبەت بەو قەیرانەی نێوان ئەمریکا و ئێرانیش بکرێت و گفتوگۆ لەسەر ئاسایشی دەریاوانی لە دەریای رەشدا بکرێت.
دوایین پێشهاتەکانی قوبرس، دۆخی سووریا و عێراق، هێرشەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە و جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، لەنێو ئەو بابەتانەدان کە پێشبینی دەکرێت گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت.

