رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەیاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) کە تایبەتە بە چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا، رۆژی چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026 پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرا.
ئەمەی خوارەوە 10 پرسیار و وەڵامن لەبارەی ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکە، کە ئەگەر وەکو خۆی پەسندبکرێت دەبێت جێبەجێبکرێن:
1-ئامانجی پڕۆژەکە چییە و کێ دەگرێتەوە؟
ئامانج لێی دیاریکردنی رێکارەکانی دواخستنی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنەکان و جێبەجێکردنی سزاکانە، دوای ئەوەی دەزگا ئەمنییەکان ئەوەیان پشتڕاستکردەوە کە پەکەکە/کەجەکە و هەموو پێکهاتە پەیوەندیدارەکانی کۆتاییان بە بوونی کردەیی خۆیان هێناوە و هەموو چەک و تەقەمەنییەکیان رادەستکردووە و بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لەمبارەیەوە لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکرایەوە.
ئەم یاسایە ئەو تاوانانە دەگرێتەوە کە بریتین لە: دامەزراندن و بەڕێوەبردنی پەکەکە/کەجەکە، ئەندامبوون یان بە ئەنقەست و بە ئاگادارییەوە یارمەتیدانی رێکخراوەکە، پروپاگەندەکردن بۆی. هەروەها ئەو تاوانانەی لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ئەو رێکخراوەدا کراون و ئەو تاوانانەی لە یاسای رێگری لە دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆردا لە بەرژەوەندیی ئەو رێکخراوە کراون.
2-بڕیاری دواخستن لە لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنەکاندا چۆن دەدرێت؟
بەمەرجێک بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لەبارەی کۆتاییهاتنی بوونی کردەیی پەکەکە و رادەستکردنی چەک و تەقەمەنی لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکرابێتەوە. لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنەکان بۆ ئەو تاوانانەی کە سزاکەیان 15 ساڵ یان کەمترە بۆ ماوەی 5 ساڵ دوادەخرێن. بۆ ئەو تاوانانەی سزاکەیان زیاتر لە 15 ساڵ و زیندانیی هەتاهەتایی یان قورسن، بۆ ماوەی 10 ساڵ دوادەخرێن. ئەمە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست لە چوارچێوەی چالاکیی رێکخراوەکە و ئەو تاوانانە ناگرێتەوە کە پێش 1ـی حوزەیرانی 2005 کراون و سزای زیندانیی هەتاهەتایی یان قورسیان هەیە. لە ماوەی دواخستنەکەدا، ماوەی یاسایی سکاڵا (زمانی داوا) رادەوەستێت.
3-لە بڕیارەکانی دواخستندا چ رێگەیەک دەگیرێتەبەر؟
بڕیارەکانی دواخستن لە سیستەمێکی تایبەتدا تۆماردەکرێن. ئەم تۆمارانە تەنیا لەکاتی لێکۆڵینەوە یان دادگاییکردنێکدا و لەسەر داوای داواکاری گشتی، دادوەر یان دادگە دەتوانرێت بۆ مەبەستی دیاریکراو بەکاربهێندرێن. ئەگەر لە ماوەی دواخستنەکەدا یەکێک لە تاوانەکانی تیرۆر بکرێت، بڕیاری دواخستنەکە هەڵدەوەشێتەوە و لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن دەستپێدەکاتەوە.
4-چ رێکخستنێک بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە بە تاوانەکانی نێو پڕۆژەکە سزای زیندانییان بۆ دەرچووە؟
بەهەمان مەرجی پێشوو، جێبەجێکردنی سزای ئەو کەسانەی کە 15 ساڵ یان کەمتریان هەیە بۆ ماوەی 5 ساڵ دوادەخرێت. هەروەها سزای ئەو کەسانەی کە سزای زیاتر لە 15 ساڵ و زیندانیی هەتاهەتایی یان قورسیان هەیە، بۆ ماوەی 10 ساڵ بە بڕیاری دادوەری جێبەجێکردن دوادەخرێت. ئەمە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست و ئەو تاوانانە ناگرێتەوە کە پێش 1ـی حوزەیرانی 2005 کراون. ئەم رێکارە نابێتە رێگر لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دەستبەسەرداگرتن. لە ماوەی دواخستنەکەدا، ماوەی یاسایی سزادان (زمانی سزا) رادەوەستێت.
5-ئەگەر لە ماوەی دواخستنەکەدا تاوانێکی تیرۆر بکرێت، چی روودەدات؟
ئەگەر لە ماوەی دواخستنەکەدا یەکێک لە تاوانەکانی تیرۆر بکرێت، دادوەری جێبەجێکردن بڕیاری دواخستنەکە هەڵدەوەشێنێتەوە و بڕیاری بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی سزاکە دەدات. ئەگەر ماوەکە بەبێ تاوان تێپەڕێت، سزاکە بە جێبەجێکراو دادەنرێت. سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی چاودێریی بڕیارەکانی دواخستن دەکات.
6-ئایا لابردنی بێبەشبوون لە مافەکان کە بەهۆی سزادانەوە دروستبووە، ئەگەری هەیە؟
بۆ داواکردنی لابردنی هەموو دەرەنجامەکانی بێبەشبوون لە مافەکان کە بەهۆی سزادانەوە دروستبووە، پێویستە بۆ بڕیارەکانی دواخستنی 5 ساڵە، 2 ساڵ بەسەر بڕیارەکەدا تێپەڕبووبێت و بۆ بڕیارەکانی دواخستنی 10 ساڵە، 3 ساڵ تێپەڕیبێت.
7-چاودێریی چالاکییەکانی نێو رێکخستنەکە چۆن دەکرێت؟
چاودێری و هەڵسەنگاندنی جێبەجێکردنی چالاکییەکانی نێو پڕۆژەکە، دوای بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی فەرمیدا، لەلایەن لیژنەیەکەوە دەبێت بە سەرۆکایەتیی یاریدەدەری سەرۆککۆمار و ئەندامێتیی وەزیرانی داد، دەرەوە، ناوخۆ، بەرگری، سکرتێری گشتیی سەرۆکایەتیی کۆمار، سەرۆکی دەزگەی هەواڵگریی نیشتمانی (میت) و سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی. لیژنەکە دەتوانێت لەکاتی پێویستدا لیژنەی لاوەکی پێکبهێنێت و نوێنەری وەزارەت و دامەزراوەکان و کەسانی پێویست بانگهێشتی کۆبوونەوەکان بکات.
8-ئایا پەرلەمانی تورکیا لەم پرۆسەیەدا بەشداردەبێت؟
بەڵێ، لیژنەکە بەشێوەیەکی رێکخراو پەرلەمان لە کارەکانی ئاگاداردەکاتەوە. سەرۆکایەتیی پەرلەمان لیژنەیەکی چاودێری بۆ چاودێریکردنی چالاکییەکانی نێو پڕۆژەکە پێکدەهێنێت. لیژنەی چاودێری، چاودێریی چالاکییەکان دەکات و دەتوانێت راسپاردە پێشکێشبکات. خزمەتگوزارییەکانی سکرتاریەتی لیژنەکە لەلایەن سکرتاریەتی گشتیی سەرۆکایەتیی کۆمارەوە جێبەجێدەکرێت.
9-چ رێگەیەک بۆ ئەو چەک و تەقەمەنی و کەرەستانە دەگیرێتەبەر کە ئەندامانی رێکخراوەکە دەیهێنن؟
چەک، تەقەمەنی، ئۆتۆمبێل، کەرەستە، ماددەی تەقەمەنی و هەموو جۆرە کەرەستەیەک کە ئەندامانی رێکخراوەکە لەگەڵ خۆیان دەیهێنن یان ئاشکرایدەکەن، تۆماردەکرێن. رێکار و بنەماکانی جێبەجێکردنی ئەمە، بە وەرگرتنی رای دەزگا ئەمنییەکان، لەلایەن وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگرییەوە دیاریدەکرێن.
10-پێشکەشکردنی داواکاری چۆن دەبێت؟
بڕیارەکانی ئەم پڕۆژەیە جێبەجێدەکرێن بەسەر ئەو کەسانەدا کە لە ماوەی 6 مانگدا دوای بڵاوبوونەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە رۆژنامەی فەرمیدا، بە نووسراو داوای سوودمەندبوون لەم رێکخستنە دەکەن و پێشکێشی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی شوێنی نیشتەجێبوونیان یان ئەو دامەزراوانەی لیژنەکە راسپاردوونی، دەکەن.


