رووداو- دیجیتاڵ
سەرۆکی ئیی پارتی، رەخنەی تووندی لەو پەرلەمانتارانە گرت، کە واژۆیان لەسەر پڕۆژەیاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی) کرد کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە دەرگا بۆ دروستبوونی کۆمارێکی دووەم دەکاتەوە و بە "بەڵگەنامەی خیانەت" وەسفی کرد.
موساڤات دەروێشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: "ئەوەی لێرەدا پێناسە دەکرێت، کۆماری دووەمە. بەم یاسایە دەرگا بۆ کۆماری دووەم واڵا دەکرێت. کاتێک واژۆ لە ژێر یاساکە دەکەن، بە شانازییەوە وێنە دەگرن. ئێوە واژۆ لەسەر پەیماننامەی لۆزان ناکەن، بەڵکو واژۆ لەسەر پەیماننامەی سیڤەر دەکەن. ئێمە ئەو بەڵگەنامەی خیانەتە کە ناوی نراوە یاسای چوارچێوە، قبووڵ ناکەین."
لەبارەی ناوەڕۆکی و پێشهاتەکانی پرۆسەکەش دەروێشئۆغڵو گوتی: "پەکەکە تەنیا لە کەسانی چەکدار لە ناو سنوورەکانی تورکیادا پێکنایەت، بەڵکو مەترسییەکی هەرێمییە لە سووریا، عێراق و ئێران. زانیاریی جدی هەن لەوەی باڵی ئێرانی پەکەکە پڕچەک دەکرێن و ئەندامانی پەکەکە لە رێگەی سلێمانییەوە دەگوازرێنەوە بۆ خاکی ئێران. لە کاتێکدا توانای رێکخراوەیی لە ناوچەکەدا لە جووڵەدایە، چۆن دەتوانن بە سەیرکردنی وێنەیەکی ناو تورکیا بڵێن رێکخراوەکە هەڵوەشێنراوەتەوە؟"
ئەمرۆ چوارشەممە، 5ی ئابی 2026، پڕۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری، بە واژۆی 360 پەرلەمانتار پێشکەشی پەرلەمان کرا.
پرۆژە یاساکە لە 12 ماددە پێکهاتووە و هەنگاوەکانی داهاتووی چەکدانان و گەڕانەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی بۆ تورکیا دیاری کردووە.
پرۆسەی چارەسەری بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییەکانی نێوان پەکەکە و تورکیا دەستی پێکردووە. هەر لە سەرەتاوە، ئیی پارتی تاکە پارتی نێو پەرلەمانی تورکیایە، کە دژی پرۆسەکە وەستاوەتەوە.


