رووداو دیجیتاڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایگەیاند، پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ئازاد بکرێن. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە رێوڕەسمی واژۆکردنی فراکسیۆنی پارتەکەیدا یەکەم واژۆی لەسەر دەقی پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری کرد و جەختیکردەوە کە ئەم پرۆژەیاسایە، خاڵێکی وەرچەرخانە بۆ داهاتووی تورکیا و سەقامگیریی ناوچەکە. سەرۆکی مەهەپە هەروەها گوتی:"پێویستە ئۆجەلان بە مافی هیوا شاد ببێت، ئەحمەدەکان بۆ سەر ئەرکەکانیان بەگڕێنەوە و دەمیرتاشیش بگەرێتەوە ماڵەکەی. ئەم هەنگاوە مێژووییەی کە ناومانە، بەهێزترین مسۆگەرکاری ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و یەکڕیزیی نیشتمانییە." مەبەستی باخچەلی لە دوو ئەحمەد؛ هەریەک لە ئەحمەد تورک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین و ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیوڕتی ئیستەنبووڵە کە هەردووکیان لەکار لادراون. باخچەلی دوای واژۆکردنی پێشنیازەیاساکە، رایگەیاند کە ئامانجیان بەدیهێنانی ئارامییە لە تورکیا و تەواوی ناوچەکەدا و گوتی:"هیوادارم ئەم واژۆیەی کردوومانە ببێتە مایەی خێر و بەرەکەت. برایەتیی هەزار ساڵەمان جارێکی دیکە پشتڕاست کرایەوە. لەم پرۆسەیەدا 86 ملیۆن کەس براوە دەبن." چاوەڕێ دەکرێت دوای ئەوەی پێشنیازەیاساکە پێشکیشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرا، گفتوگۆکان لە لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەماندا دەست پێ بکەن. باخچەلی سوپاسی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی تورکیای کرد و رایگەیاند ئەو کارانەی کراون پرۆژەی دەوڵەتن و گوتی:"ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەکی دەوڵەتە. پەرلەمانمان لەم بارەیەوە دەستپێشخەریی پێویستی کردووە. دەوڵەتەکەمان کارەکان بەڕێوەدەبات. ئێمە هەموومان بەیەکەوە چاودێریی ئەم پرۆسەیە دەکەین." باخچەلی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی بۆچی لەم دواییانەدا لە کۆبوونەوەکانی فراکسیۆنی مەهەپەدا باسی لە پرۆسەی چارەسەریی نەکردووە، گوتی: "جاروبار پرسیارمان لێ دەکەن؛ بۆچی لە لێدوانەکانی ئەم دواییەی فراکسیۆندا باسی پرۆسەی 'تورکیای بێ تیرۆر' ناکەن؟ ئێمە رێز لە دابونەریتی دەوڵەت دەگرین. بەڕێز سەرۆککۆمارمان لە نزیکەوە چاودێریی پرۆسەکە دەکات. بەڕێز سەرۆکی پەرلەمانیشمان سەرپەرشتیی بابەتەکە دەکات. ئێمەش پشتیوانییان دەکەین. دروست نییە پێش کارەکانی ئەوان بکەوین." "لە رێگەی پارێزەرەکانییەوە گفتوگۆ لەگەڵ دەمیرتاش دەکەم" باخچەلی لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی سەلاحەدین دەمیرتاش، ئاماژەی بەوە کرد کە لە زینداندا سەردانی دەمیرتاشی نەکردووە گوتی:"سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاشم نەکردووە. بەڵام لە رێی پارێزەرەکانییەوە بە بەردەوامی گفتوگۆی لەگەڵ دەکەم و هەواڵی دەپرسم. ئەویش سڵاوی خۆیم بۆ دەنێرێ. پەیوەندییەکی باشمان هەیە. هەروەها دەپرسم ئایا هیچ داواکاری و پێویستییەکی هەیە یان نا. ئێمە لە پەرلەمانی تورکیادا پێکەوە کارمان کردووە." دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی بۆ پرۆسەی چارەسەری رۆژی 01-10-2024 دەرگای پەرلەمان لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و هیوای خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی. باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێندرا و دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند، ئەوەش دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد. رۆژی 11-7-2025 گرووپێک گەریلا کە ژمارەیان 30 کەس بوو، لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی، بە شێوەی سیمبولی چەکەکانیان سووتاند. دواتر کۆمیسیۆنێکی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا کە رۆژی 18-2-2026 راپۆرتێکی هاوبەشیان پەسندکرد. ئێستاش کارەکان لەسەر هەنگاوی کردەیی یاسایی لە پەرلەمانی تورکیا چڕبوونەتەوە.