رووداو -دیجیتاڵ
لە کاتێکدا چاوەکان لەسەر پەرلەمانن، ئاماژە بەوە دەکرێ ئەو پرۆژەیاسایایەی چاوەڕێ دەکرێ پێشکێشی پەرلەمان بکرێ، لە 10 ماددە پێکدێ.
بەشێک لە میدیاکانی تورکیا و باکووری کوردستان بە ئاماژەدان بە متمانەپێکراویی سەرچاوەکانیان، بڵاویانکردووەتەوە، لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان شاندەکانی ئاکپارتی و دەم پارتیدا، هەندێک وردەکاری نێو پرۆژەکە باسکراون.
دوای کۆبوونەوەکانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رۆژانی 20ی تەمموز و دووی ئاب، تەوەرەکانی پەیوەست بە نێوەرۆکی پڕۆژەیاساکە زیاتر روون بوونەتەوە.
لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان شاندەکانی ئاکپارتی و دەم پارتیشدا وردەکارییەکانی رەشنووسەکە تاوتوێ کراون.
رەشنووسەکە لەژێر ناوی (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) ئامادە دەکرێ.
میدیای تورکیا و باکووری کوردستان بڵاویانکردووەتەوە کە رەشنووسەکە لە 10 ماددە پێکدێ و تەوەرە سەرەکییەکانی تا رادەیەکی زۆر هاوتان لەگەڵ ئەو چوارچێوەیەی پێشتر لەگەڵ شاندی دەم پارتی هاوبەشیی پێکرابوو.
گرنگترین تەوەرەکانی رەشنووسە 10 مادییەکە
بەگوێرەی هەواڵی ئەو دەزگا میدیاییانە کە دەڵێن پشتیان بە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بەستووە، مادە سەرەکییەکانی رەشنووسەکە هاوتان لەگەڵ ئەو رێوشوێنانەی پێشتر لەگەڵ شاندی دەم پارتیدا تاوتوێ کرابوون؛ هەروەها بەشێک لە تێبینییەکان دەم پارتی کە لە کۆبوونەوەکانی دواییدا خستبوونییەڕوو، لە رەشنووسەکەدا رەنگیان داوەتەوە.
دەستەواژەی "تیرۆر"
شاندی دەم پارتی بەتایبەت داواکاریی خۆی بۆ لابردنی دەستەواژەی (تیرۆر) لە پڕۆژەیاساکەدا دووپاتکردووەتەوە. شاندی ئاکپارتیش رایگەیاندووە کە ئەم دەستەواژەیە لە دوو مادەی یەکەمدا دەبێت و لە مادەکانی دواتردا دەستەواژەی (رێکخراو) بەکاردەهێنرێت.
لە بەشی (ئامانج و پانتایی)ی رەشنووسەکەدا، جیاوازیی بیروڕا لە نێوان لایەنەکاندا هەیە. شاندی دەم پارتی پێشنیازی کردووە لەبری دەستەواژەی "رادەستکردنی چەک"، دەستەواژەی "لەناوبردن یان دانانی چەک" بەکاربهێندرێ، شاندی ئاکپارتیش بۆ هەڵسەنگاندنەوەی پێشنیازەکە، تێبینییەکەی تۆمار کردووە.
لە رەشنووسەکەدا پێشبینی دەکرێ ئەو کارانەی دیاری بکرێن کە لێخۆشبوون نایانگرێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، بەدەرکردنی تاوانەکانی "کوشتنی بەئەنقەست" و ئەو تاوانانەی پێش ساڵی 2005 کراون و سزای زیندانیی هەمیشەیی یان زیندانیی هەمیشەیی تووندیان لەسەرە، لە کارنامەی گفتوگۆدایە.
دەستە و لیژنەی لاوەکی پێکدەهێندرێن
لە کۆبوونەوەکاندا بابەتی پێکهێنانی ئەو دەستە و لیژنە لاوەکییانەی پلانیان بۆ دانراوە دوای جێبەجێکردنی یاساکە پێکبهێندرێن، تاوتوێ کراون.
شاندی ئاکپارتی رایگەیاندووە ناوی (دەستەی ئاشتی و بەسیاسیبوون) بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە دەقی یاساکەدا نابێت، بەڵام هاوتەریب لەگەڵ یاساکەدا دەستەیەکی لەو شێوەیە پێکدەهێندرێ. لە پاڵ ئەمەشدا، ئاماژە بەوە کراوە کە لانیکەم سێ لیژنەی لاوەکی پێکدەهێنرێن.
پێشبینی دەکرێ یەکێک لەم دەستانە لێکۆڵینەوە لە داواکارییەکانی رابردوو و پرسە یاساییەکان بکات. هەروەها دەستەیەکی دیکەش دۆخی کۆمەڵایەتی-ئابووریی ئەو کەسانە هەڵسەنگێنێت کە دەبنە بەشێک لە پرۆسەکە. باس لەوە کراوە کە وردەکارییەکانی پەیوەست بە پێکهاتەی دەستەکان تاوەکو قۆناخی دامەزراندنیان ئاشکرا ناکرێن، بەمەش دەیانەوێ رێگری لە پڕوپاگەندەی نەرێنی دژی پرۆسەکە بکەن.
شاندی دەم پارتی پێشنیازی کردووە بەشێک بۆ دەقی یاساکە زیاد بکرێ کە تێیدا ئاماژە بەوە بکرێ ئەم رێوشوێنە وەک "یاسای دەستپێک" یان "یاسای بنەڕەتی"یە و خاڵی دەستپێکە بۆ ئەو رێوشوێنە دیموکراسییانەی لە داهاتوودا جێبەجێ دەکرێن.
شاندی ئاکپارتیش لەسەر ئەم تێڕوانینە هاوڕا بووە، بەڵام ئاماژەی کردووە ئەم هەڵسەنگاندنە دەکرێ لەبری دەقە یاساییەکان، لە هۆکارەکانی دەرکردنی یاساکەدا جێگیر بکرێت.
لیژنەی چاودێریی پەرلەمان لە کارنامەی گفتوگۆکاندایە
میکانیزمی چاودێریکردنی پرۆسەکە لەلایەن پەرلەمانەوە، یەکێکی دیکە بوو لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە.
ئاماژە بەوە دەکرێ شاندی دەم پارتی پێشنیازی کردووە لیژنەی چاودێریی پەرلەمان لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە پێکبهێندرێ، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کراوە کە پێویستە ژمارەی ئەندامانی لیژنەکەش لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە دیاری بکرێ.
چاوەڕێ دەکرێ ئەم تەوەرە ببێتە یەکێک لە میکانیزمە گرنگەکان بۆ جێبەجێکردنی یاساکە و چاودێریکردنی پرۆسەکە لەلایەن پەرلەمانەوە.
پەیامەکەی ئۆجەلان: "رێگەی هەزار کیلۆمەتری بە یەک هەنگاو دەستپێدەکات"
لە قۆناخی ئامادەکردنی پڕۆژە یاساکەدا، دوایین کۆبوونەوەکانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بووە یەکێک لە تەوەرە یەکلاکەرەوەکان.
لەو پەیامەی دوای کۆبوونەوەکەی دووی ئاب لە ئیمراڵی بڵاوکرایەوە، جەخت لەوە کرایەوە کە ئەو یاسایەی دەردەچێت، رۆڵی "کلیل" دەگێڕت بۆ کردنەوەی رێگەی پرۆسەکە و سەرەتایەکی گرنگ دەبێت.
گوتەی "رێگەی هەزار کیلۆمەتری بە یەک هەنگاو دەستپێدەکات" کە لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا هاتبوو، لەلایەن دەم پارتییەوە وەک یەکێک لە دەربڕینە سەرەکییەکانی ئەو تێڕوانینە خرایەڕوو کە پێویستە یاساکە لە دەرەوەی ئەم پرۆسەیەشدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.
ئاکپارتی و دەم پارتی ناڕوونییەکانیان کەم کردووەتەوە
ئاماژە بەوە دەکرێ لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان شاندەکانی ئاکپارتی و دەم پارتیدا ناڕوونی و نادیاریی پەیوەست بە چوارچێوەی سەرەکیی رەشنووسەکە تا رادەیەکی زۆر کەم بوونەتەوە، بەڵام گفتوگۆکان لەسەر پرسەکانی وەک بەکارهێنانی دەستەواژەی "تیرۆر"، پێناسەی دانان یان لەناوبردنی چەک، پێکهاتەی دەستە و لیژنەکان، لەگەڵ چۆنیەتیی گرێدانەوەی یاساکە بە پرۆسەی داهاتووی بەدیموکراسیکردن بەردەوامن.
چاوەڕێ دەکرێ بە پێشکێشکردنی رەشنووسەکە بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، هەڵوێستی پارتە سیاسییەکانیش زیاتر روون ببێتەوە.



