رووداو دیجیتاڵ
کورشاد زۆرڵو، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی کە هاوکات بەرپرسی پەیوەندییەکانە لەگەڵ دەوڵەتانی تورک، بەشداری لە رێوڕەسمێک بەناوی (ئەنقەرە؛ پایتەختی گەشتیاریی دەوڵەتانی تورک) کرد و گوتارێکی پێشکێشکرد.
بەشێکی گرنگی گوتارەکەی زۆرڵو تایبەت بە رێککەوتنی تورکیا و عێراق بوو لە بابەتی نەوتی کەرکووک و گوتی:"هەفتەی رابردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڕێز زەیدی لەسەر بانگهێشتی بەڕێز سەرۆککۆمارمان لە تورکیا بوو. رێککەوتننامەی زۆر گرنگ واژۆکرا. بێگومان ئەمە کەسانێک ناڕەحەت دەکات کە ئەمەش بابەتێکی دیکەیە".
تورکیا 15٪ی پشکی کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی لە کەرکووک وەرگرت و بووە هاوبەش
لەکاتێکدا بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن رەخنەی تووندیان لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان هەیە و پشتڕاستی هەنگاوەکانی ناکەنەوە، زۆرڵو بە بێ ئامانج و چەواشەکار لە قەڵەمی دان و لەبارەی وردەکاریی رێککەوتنەکەی نەوتی کەرکووک گوتی:" تورکیا 15٪ی پشکی کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی وەرگرت و بووە هاوبەش کە ئەو کۆمپانیایە لە کێڵگەی نەوتی کەرکووکدا بەردەوامە لە چالاکییەکانی بەرهەمهێنان و پێشخستن. هەروەها لەو کێڵگەیەدا کە مەزەندە دەکرێ نزیکەی سێ ملیار بەرمیل نەوتی خاوی لێ دەربهێندرێ، تورکیا بە 15٪ی پشکەکان بووەتە هاوبەش".
یاریدەدەرەکەی ئەردۆغان بابەتی نەوتی کەرکووکی بە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانەوە بەستەوە کە لە بەسرەوە بەرەو تورکیا درێژدەبێتەوە.
ئەو بەرپرسە گوتی:"هەر لەم چوارچێوەیەدا رێگەی گەشەپێدان دروستکردنی ئەو رێگەیە کە بەرەو خاڵی سنووریی ئۆڤاکۆی دێ، رێککەوتنی لەسەر کرا. ئەو هێڵەی نێوان تورکیا و بەسرە لە داهاتوودا بە هێڵی ئاسنین و دامەزراندنی هێڵی بازرگانی بەهێزتر و فراوانتریش دەکرێ".
کورشاد زۆرڵو گەڕایەوە سەر بۆچوونی ئەو لایەنانەی دژی پرۆژەیەکی وەهان، بەتایبەتی بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە بەردەوام حکومەتی تورکیا تۆمەتبار دەکەن و ئەم هەنگاوانە بە هەڵە دەزانن.
زۆرڵو لەم بارەیەوە گوتی:"کەسانێک بە کێشمەکێشی سیاسەتی نەزۆکەوە بەردەوام سایە و تارمایی دەخەنە سەر ئەم بابەتە و هاووڵاتیانمان بە هەڵەدا دەبەن، با ئەوان ئەمە بکەن و ئێمەش لە هەنگاوەکانمان بەرەو ئامانجی 100 ساڵی تورکیا بەردەوام دەبین".
"دوای ساڵانێکی زۆر نەورۆز لە ژێر سەرپەرشتیی سەرۆککۆمارمان پیرۆز دەکرێ"
ئەو بەرپرسەی ئاکپارتی باسی جەژنی نەورۆزی کرد و گوتی:"دوای ساڵانیکی زۆر، ئەمە دووەم ساڵە کە جەژنی نەورۆز بە سەرپەرشتیی سەرۆککۆمارمان پیرۆز دەکرێ. پار لە غازی عەنتاب (دیلۆک) ئامادەبووین و بە سەرپەرشتیی ئەو، نەورۆز کرا. کارەکانمان گەیاندووەتە دوایین قۆناخ بۆ ئەوەی نەورۆز بکرێتە جەژنێکی فەرمی، پشتیوان بەخوا تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ئەمە دەکرێت".
ئەردۆغان و زەیدی لە ئەنقەرە لەسەر ناردنی رۆژانەی ملیۆنێک بەرمیل نەوت رێککەوتن
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی 28-07-2026 لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە کۆبوونەوە و لەگەڵ شاندەکانیان پرۆتۆکۆڵی واژۆکردنی رێککەوتنی تورکیا-عێراقیان واژۆ کرد.
دوای ئەوەی عەلی زەیدی دەستی بە گوتار کرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی، "بەڕێز سەرۆکوەزیران دەڵێ، ئێمە دەتوانین رۆژانە ملیۆنێک بەرمیل نەوت بدەینە تورکیا."
ئەردۆغان لەوکاتەدا سەیرێکی عەلی زەیدی کرد و گوتی، "وایە؟" زەیدی وەڵامی (بەڵێ)ی دایەوە. دواتر سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "(زەیدی) دەڵێ ئێوە پێویست بە شوێنی دیکە مەبن."
لەو کاتەدا ئامادەبووان چەپڵەیان لێدا. سەرۆککۆماری تورکیا ئەمجارە رووی لە وەزیری وزەی وڵاتەکەی کرد و گوتی، "بەڕێز، وەزیر! پێویست ناکات پێویستمان بەملا و ئەولا بێت. ئەوەتا دراوسێمان؛ پشتیوان بەخوا کاتێک رۆژانە ملیۆنێک بەرمیل نەوتمان لە عێراقەوە گواستەوە، پێویستییەکانمان پڕ دەکاتەوە."
سەرۆککۆماری تورکیا رووی لە زەیدی کرد و بە زمانی عەرەبی گوتی، "پشتیوان بەخوا خێردار بێت."



