رووداو دیجیتاڵ
پارتەکەی فاتیح ئەربەکان رەتیکردەوە واژۆ لەسەر یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بکات و داوا دەکات خەڵک لە گشتپرسییەکدا بڕیار لەسەر ئەمە بدەن.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە رۆژی سێشەممە 4-8-2026 لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو، سوعاد کڵچ، گوتەبێژی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ هەڵوەستەی لەسەر پرۆسەی چارەسەری کرد.
کڵچ باسی هەنگاوەکەی ئاکپارتی کرد کە پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی بە مەبەستی واژۆکردن خستووەتە بەردەمی پەرلەمانتارانی و گوتی:" پەرلەمانتارە بەرێزەکانی ئاکپارتی کاخەزی سپی واژۆ دەکەن. هیچ کەس هەواڵی لە مادەکانی ئەو یاسایە نییە. ئەو چوارچێوەیەی واژۆکراوە و بە دیوارەوە هەڵواسراوە، نێوەرۆکەکەی بەتاڵە".
گوتەبێژەکەی سەرلەنوێ رەفاهـ لە سەرەتای کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، بابەتی لەپێشینەیان پڕۆژەیاسای پرۆسەی چارەسەرییە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "چوارچێوە هەیە، بەڵام یاساکە نییە. چوارچێوەکە لەلایەن فراکسیۆنی دەسەڵاتەوە واژۆکرا".
سوعات رایگەیاند، پەرلەمانتاران و خەڵک هیچ لەبارەی وردەکاریی پرۆژەیاساکە نازانن و گوتی:" دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەیزانن، بەڵام ئێمە نایزانین. پەرلەمانتارانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیش نایزانن".
لەبارەی هەڵوێستی پارتەکەی بەرامبەر ئەو هەنگاوەی سەرۆکی پەرلەمان ناویەتی، کڵچ گوتی:"رێگەی تێناچێت ئێمە واژۆ لەسەر ئەو ناڕوونییە بکەین و پشتیوانی بکەین. پێویستە چی زووە خەڵک و ئۆپۆزیسیۆن لەبارەی ئەو یاسایە زانیارییان پێ بدرێ. هەروەک سەرۆکی پارتەکەمان فاتیح ئەربەکان کە لە یەکەم رۆژەوە گوتوویەتی، هاوشێوەی هەمواری دەستوور، دەبێت گشتپرسی لەسەر بکرێ".
رۆژی سێشەممە 4-8-2026 نوعمان کورتوڵموش پرۆژەیاسای پرۆسەی چارەسەری لەگەڵ بەشێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان تاوتوێ کرد. ئەمە لەکاتێکدایە، ئاکپارتی داوای لە پەرلەمانتارانی کردووە ئەو پرۆژەیاسایە واژۆ بکەن.
فاتیح ئەربەکان، دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهە، کە پارتێکی ئیسلامییە و ساڵی 2018 دامەزراوە. فاتیح، کوڕی نەجمەددین ئەربەکان دامەزرێنەری پارتی رەفاهە.
نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا بوو و لە ساڵانی نێوان 1996-1997 بە کودەتایەکی سەربازیی کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێنرا.
ناوی سەرلەنوێ رەفاهـ کە بە مانای (سەرلەنوێ خۆشگوزەرانی) دێت لە پارتی رەفاهی نەجمەدین ئەربەکانەوە وەرگیراوە.
ئەو پارتە لە پارتی سەعادەت جیابووەوە. ئێستا هەریەک لەو دوو پارتە خۆیان بە درێژەپێدەری رێبازی نەجمەدین ئەربەکان دەزانن.
سەرلەنوێ رەفاهـ چوار کورسیی لە کۆی 600 کورسییەکەی پەرلەمان هەیە.



