تورکیا سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر دوو کەشتی لە دەریای رەش دەکات
تەنیا ئەحمەد
رووداو - هەولێر
بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاند، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر دوو کەشتیی سڤیل لە دەریای رەش، ژمارەیەک لە تیمی نێو کەشتییەکان بریندار بوون.
رۆژی سێشەممە 04-08-2026 وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، درەنگی رۆژی دووشەممە دوای ئەوەی کەشتییەکان بەندەری نۆڤۆرۆسیسکی رووسیایان جێهێشتووە هێرشیان کراوەتەسەر، بەهۆیەوە چەند کارمەندێک بریندار بوون و "رەوشی تەندروستییان بە وردی چاودێری دەکرێت".
وەزارەتەکە گوتی: "لە پەرەسەندنی ململانێکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە دەریای رەش بەقووڵی نیگەرانین، سەرباری چەندین هۆشداریمان، کاریگەریی لەسەر کەشتیوانیی سڤیل دروستکردووە."
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد "بەپەلە رێوشوێن بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی کەشتیوانی لە دەریای رەش بگرنەبەر،" هۆشداریدا بەپێچەوانەوە رەنگە "کاریگەریی لەسەر دابینکردنی خۆراک هەبێت."
بەگوێرەی ماڵپەڕی چاودێریی کەشتیوانی (MarineTraffic)، ئەو دوو کەشتییە (بە ناوەکانی یەشار و نادێژدا کە وەزارەتەکە ئاشکرای کردوون) ئاڵای پەنەما و کامیرۆنیان بەرزکردووەتەوە، بەڵام خاوەندارێتییان دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیاکانی تورکیا.
چەند هەفتەیەکە رووسیا و ئۆکراینا هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان چڕتر کردووەتەوە.
کۆتایی مانگی حوزەیران لە دەریای رەش لە نزیک کەناراوەکانی کریمیا هێرش کرایە سەر کەشتییەکی ماسیگریی تورکیا، بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆتایی مانگی ئایاریش، دوای هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کەشتییەکی بارهەڵگری تورکیا، ئەو وڵاتە لە "پەرەسەندنێکی کۆنترۆڵنەکراو" لە ناوچەی دەریای رەش هۆشداریدا.
هێزی دەریایی ئۆکرایناش رایگەیاند، درۆنێکی رووسیا هێرشەکەی بۆ سەر ئەو کەشتییە کردووە.



