رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتیی یەکسانیی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی شنگالدا داوای لە پەرلەمانی تورکیا کرد بەفەرمی تاوانەکانی داعش بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی وەک "جینۆساید" بناسێنێت.
دیلان کونت ئایان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پارێزگای روها و ئەندامی لیژنەی دادوەری لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، رووداوەکانی 3ی ئابی 2014 وەک پەڵەیەکی رەش لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ماونەتەوە.
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی تیشکی خستە سەر ئامارەکانی کۆمەڵکوژییەکە و گوتی: "لە هێرشەکانی داعشدا زیاتر لە 5 هەزار ئێزدی گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 10 هەزار ژن و منداڵ رفێنران و کرانە کۆیلە. تاوەکو ئێستاش زانیاری لەسەر چارەنووسی بەشێکی زۆریان لەبەر دەستدا نییە."
ئایان ئاماژەی بەوەش کرد کە زانیاری هەیە بەشێک لە ژنان و منداڵە رفێنراوەکان لە ناو خاکی تورکیادان و گوتی: "پێویستە لێکۆڵینەوەی کاریگەر لەم بارەیەوە بکرێت. نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2016دا ئەم هێرشەی وەک جینۆساید ناساند، پێویستە تورکیاش بەشێوەیەکی فەرمی دان بەم راستییەدا بنێت و هەنگاوی جددی بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان بنێت."
لە 3ی ئابی 2014دا، چەکدارانی رێکخراوی داعش هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر قەزای شنگال و دەوروبەری لە باشووری کوردستان. لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا هەزاران کوردی ئێزدی کوژران و هەزارانی دیکەش کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون رفێنران، سەدان هەزار کەسیش ئاوارە بوون.
نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک لە پەرلەمانەکانی جیهان ئەو رووداوەیان بە جینۆساید ناساندووە و تاوەکو ئێستاش بەدواداچوون بۆ چارەنووسی رفێنراوەکان بەردەوامە.



