رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی داواکارییەکان لە پەرلەمانی تورکیا لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا دەڵێت، لە مانگی تەممووزدا هەزار و 610 داواکاری، سکاڵا و پێشنیازی جۆراوجۆریان لەلایەن هاووڵاتییانەوە بۆ نێردراوە و یەکێک لەو پێشنیازانەش دیاریکردنی ئیستەنبووڵ بووە وەک پایتەختی زستانەی تورکیا و ئەنقەرەش وەک پایتەختی هاوینە.
بەپێی دوایین راپۆرتی لیژنەکە، زۆربەی ئەو پەیوەندی و سکاڵایانەی ئاراستەیان کراوە، تایبەتبوون بە کێشەکانی کار، دڵنیایی کۆمەڵایەتی و بابەتی دادوەری.
پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر لە پێشەنگی ئەو شوێنانەبوون کە زۆرترین داواکارییان لێوە ئاراستەکراوە.
یەکێک لە دیارترین پێشنیازەکان ئەوەبووە کە ئیستەنبووڵ ببێتە پایتەختی زستانە و ئەنقەرەش ببێتە پایتەختی هاوینەی تورکیا.
لەنێو داواکارییەکانی دیکەی هاووڵاتییان بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەدا، ئەم پێشنیاز و داواکارییانەش هەن:
-قەدەخەکردنی قسەکردن بە دەنگی بەرز لە شوێنە گشتییەکان.
-قەدەخەکردنی کۆمپانیاکانی پشکنەری تایبەت.
-کردنەوەی حەوشەی قوتابخانەکان بۆ منداڵانی گەڕەک لە پشووی هاوین.
-داخستنی مۆڵ و سەنتەرەکانی بازاڕکردن لە رۆژانی یەکشەممە.
-کەمکردنەوەی دەوامی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بۆ 4 رۆژ لە هەفتەیەکدا.
-دامەزراندنی دامەزراوەیەکی فەرمیی دەوڵەت کە راستەوخۆ ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانە بکات تەمەنیان گونجاوە بۆ هاوژینی.
-گۆڕینی ناوی (دەریای ئیجە) بۆ (دەریای ئەفە).
سوونای کارامک، سەرۆکی لیژنەی داواکارییەکان لە پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری ئاکپارتی رایگەیاند، مافی پێشکەشکردنی داواکاری و سکاڵا رێگەیەکی گرنگی بەشداریپێکردنی هاووڵاتییانە لە بەڕێوەبردنی وڵات و سەرنج و داواکارییەکانی خەڵک دەبنەهۆی بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراسی.
لیژنەی داواکارییەکان لە پەرلەمانی تورکیا بەپێی دەستوور کاردەکات بۆ وەرگرتنی سکاڵا و داواکارییەکانی هاووڵاتییان بەرامبەر دامودەزگاکانی دەوڵەت و خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
لیژنەکە لەدوای پێداچوونەوە، داواکارییەکان ئاراستەی وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەکات تاوەکو لە رووی یاسایی و کارگێڕییەوە چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.



.jpg&w=3840&q=75)