رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکان و وێنەی مانگە دەستکردە سەربازییەکان، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، 81 پێگەی ستراتیژیی لەسەر سنوورەکان چۆڵکردووە و بەرەو سنووری ئێران پاشەکشەی کردووە.
هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی خستنەڕووی پرۆژەیاسایەکی 12 مادەیی لە پەرلەمانی تورکیا، جموجۆڵێکی پاشەکشە لە هێڵی سنووریی عێراق و تورکیا بەدیکراوە. بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵگرییەکان، گەریلاکانی پەکەکە لە 81 خاڵی جیاوازی سەر سنوور بەتەواوی کشاونەتەوە و شوێنەکانیان گۆڕیوە.
وێنەی مانگە دەستکردەکان و هەواڵگریی مەیدانی پشتڕاستیان کردەوە
چالاکییەکانی چاودێریی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و وێنەی مانگە دەستکردە سەربازییەکان، قەبارەی چۆڵکردنەکەیان بە روونی دەرخستووە. بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان، پەکەکە 81 خاڵی جیاوازی لە هەرێمی کوردستان (باکووری عێراق) و نزیک سنووری تورکیا چۆڵکردووە. سەرچاوە ئەمنییەکان رایانگەیاند، کشانەوەی پەکەکە لەو 81 پێگەیە، دوای چۆڵکردنی 72 پێگەی دیکە دێت کە لە ماوەی رابردوودا چۆڵکراون، ئەمەش بەشێکە لە گواستنەوەی ستراتیژیی هێزەکانی پەکەکە بەرەو چیای قەندیل و سنووری ئێران.
کامپە سیمبولییەکان و گردی خودا چۆڵکران
لە چوارچێوەی بڕیاری کشانەوەکەدا، چەندین خاڵی لۆجستی و ستراتیژیی پەکەکە چۆڵکراون، لەوانە کەمپی (چارچێلا) کە بە تەواوی چۆڵکراوە.
هەروەها، ناوچەی (گردی خودا) لە دۆڵی مەتینا کە بەرامبەر ناوچەی گەڤەری جۆلەمێرگە و 1740-1754 مەتر بەرزە، یەکێکە لەو ناوچە ستراتیژییانەی چۆڵکراوە. چۆڵکردنی ئەم خاڵانە کە لەژێر گوشاری بەردەوامی هێزە وشکانی و ئاسمانییەکانی سوپای تورکیادان، بە هەنگاوێک بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە ئاڵۆزی و پێکدادانێکی چاوەڕوانکراو لە قۆناخی یاسادانانەکەدا هەڵدەسەنگێندرێت.
کۆگەکانی چەک و ناوەندەکانی فەرماندەیی داخران
- جبەخانە و ئەشکەوتەکان: دوو جبەخانە و حەشارگەی ئەشکەوت لە ناوچەی ئاڤاشین و 8 ئەشکەوت لە دۆڵی زاب لە ناوچەکانی گوندی رۆز، تیروانیش، رێکان و نێروە بە تەواوی چۆڵکراون.
- ناوەندە لۆجستی و ئاسایشییەکان: کۆگەکانی پێداویستی لە ناوچەی ئارس-فارس و ئەشکەوتەکانی ناوچەی چەمچۆ کە لەلایەن یەکەکانی ئاسایشی پەکەکەوە بەکاردەهێنران، چۆڵکراون.
- هێڵەکانی بێتەل و پەیوەندی: ئەو ناوەندانەی پەیوەندی و بێتەل کە بۆ گواستنەوەی فەرمانەکان بۆ ناوخۆی تورکیا بەکاردەهێنران، داخران و تۆڕەکانی پەیوەندیی نێوان کامپەکان لەکارخران.
- کۆگەکانی چەک و تەقەمەنی: کۆگەکانی ژێرزەمینیی چەکی قورس و کارگەکانی دروستکردنی بۆمبی دەستکرد لە ناوچەی کانیی جەنەت چۆڵکران و داخران.
- هێڵی حەفتانین: کۆمەڵگە ئەشکەوتەکانی تەلەبۆرا و هاکی لە دۆڵی حەفتانین کە دەکەوێتە بەرامبەر ناوچەی فارقین-ی شرنەخ، چۆڵکراون.
پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە
پڕۆژەیاسایەک کە زەوینەی یاسایی بۆ گەڕانەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چیاکانەوە خۆش دەکات، گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا بکرێت.
باس لەوە دەکرێت کە دوا راوێژ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پڕۆژەیاساکەوە کراوە، کە تێیدا چوارچێوە و پێناسە و پرۆسە یاساییەکانی تایبەت بە چۆنیەتیی گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکە دیاری دەکات.
بەگوێرەی رۆژنامەی (تورکیا)، یاساکە بۆ ماوەی 6 مانگ یان ساڵێک کاری پێدەکرێت، بەڵام ئەگەر ماوەکە 6 مانگ بێت، ئەوا دەکرێت بۆ 6 مانگی دیکەش درێژ بکرێتەوە. لەم ماوەیەدا، پرۆسەی یاسایی بۆ ئەو گەریلا و ئەندامانەی پەکەکە دەستپێدەکات کە داواکاری پێشکێش دەکەن.
ئازادیی مەرجدار بۆ ماوەی 3 ساڵ دەبێت
بەگوێرەی هەواڵەکە، پڕۆژەیاساکە سێ پۆلێنی دیاریکردووە:
1. ئەوانەی تێوەنەگلاون لە تاوان.
2. ئەو حوکمدراوانەی کە تەنیا بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراو" لە زینداندان.
3. ئەو ئەندامانەی پەکەکە لە ئەورووپا کە تەنیا تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراو"یان لەسەرە.
ئەوانەی ئەم مەرجانەیان تێدایە، بۆ ماوەی 3 ساڵ دەخرێنە ژێر "ئازادیی مەرجدار" و زیندانی ناکرێن. ئەو کەسانەی کە تەنیا بە تۆمەتی ئەندامبوون لە زینداندان، ئازاد دەکرێن. ئەگەر لە ماوەی 3 ساڵەکەدا هەر تاوانێک ئەنجام بدەن، مافی ئازادیی مەرجداریان نامێنێت و دەگەڕێندرێنەوە بۆ زیندان. هەروەها ئەو دۆسیانەی لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت، هەڵدەگیرێن و لە ماوەی ئازادییە مەرجدارەکەدا چاودێری دەکرێن.
ئەوانەی لە چیاکان یان ئەورووپاوە دەگەڕێنەوە و تەنیا تۆمەتی ئەندامبوونیان لەسەرە، ناخرێنە زیندانەوە و دەخرێنە ژێر پرۆسەی ئازادیی مەرجدارەوە.
دوو کۆمیسیۆن دادەمەزرێن
بەپێی پڕۆژەیاساکە، دوو کۆمیسیۆنی جیاواز بۆ بەدواداچوونی پرۆسەکە دادەمەزرێن؛ یەکێکیان لە چوارچێوەی سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەوی دیکەیان لە پەرلەمان. ئەم کۆمیسیۆنانە کار لەسەر گەڕانەوەی گەریلا و ئەندامانی پەکەکە، رادەستکردنی چەکەکان، دۆخی مەیدانی و ئاساییکردنەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی دەکەن.
ئۆجەلان و سەرکردەکان سوودمەند نابن
لەو پڕۆژەیاسایەی پێشکێشی پەرلەمان دەکرێت، هیچ رێکخستنێکی تایبەت بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەرکردەکانی پەکەکە لەخۆناگرێت. ئۆجەلان لە ئیمراڵی دەمێنێتەوە و سەرکردەکانی پەکەکە لە قەندیل ناتوانن بگەڕێنەوە تورکیا. ئەوانەشی دەیانەوێت بگەڕێنەوە، هیچ رێوشوێنێکی تایبەتیان بۆ ناگیرێتەبەر و بەپێی یاسا کارپێکراوەکان دادگایی دەکرێن.
دوای دەرچوونی یاساکە، رێگە بە گەڕانەوەی بەکۆمەڵی ئەو گەریلا و ئەندامانەی پەکەکە نادرێت کە لە چیاکانەوە دێنەوە تورکیا، بەڵکو لە سنوورەکان بە شێوەی تاکەکەسی و بەپێی پرۆسەی یاسایی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
جەهەپە: زانیاریی پشتڕاستکراوە هەیە گەریلاکانی پەکەکە لە سنووری تورکیا نین
رۆژی 11ـی تەممووزی 2026، سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتارە کوردەکەی جەهەپە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بە یەکەمین ساڵیادی "سووتاندنی چەک" لەلایەن پەکەکەوە کرد: "ئایا هیچ زانیارییەک هەیە لەبارەی بوونی ئەندامی رێکخراوی چەکداری لەنێو سنوورە وشکانییەکانی تورکیادا؟ نەخێر. بەپێچەوانەوە، زانیاریی پشتڕاستکراوە هەیە ئەندامی رێکخراوی چەکداران لەنێو سنوورە وشکانییەکانی تورکیادا نین."
تانریکوڵو، باسی لەوە کرد کۆتاییهاتنی دۆخی شەڕ لە ناوچەکەدا واتادارە و گوتی، لە ساڵانی 2025 و 2026ـدا هیچ رووداوێکی گیانلەدەستدان و پێکدادان رووینەداوە.
باسی لەوەش کرد، "یەک تەرمیش بۆ هیچ شوێنێکی تورکیا نەچووە و نەهاتووەتەوە ئامەدیش. بەها و مانای ئەمە زۆر گەورەیە. ئێمە کە 40 ساڵی رابردوومان لێرە بەسەربردووە و رەگ و ریشەی ئەم بابەتە دەزانین. دەمانەوێت جارێکی دیکە لێرەوە دەریببڕین کە ئەمە چ پرۆسەیەکی بەنرخە. رێکەوتی ئەمڕۆ 11ـی تەممووزە و ساڵی رابردوو لە 11ـی تەممووزدا رێوڕەسمێکی زۆر مانادار و مێژوویی بەڕێوەچوو. پەیامێک درایە هەموو جیهان و تورکیا، لە 11ـی تەممووزدا لە سلێمانی چەکەکانی نەشاردرانەوە، نەنێژران، بەڵکو سووتێندران. ئەمە بژاردەیەکی زۆر گرنگ بوو."
کەجەکە: ساڵێک بەسەر بڕیاری سووتاندنی چەکەکاندا تێپەڕی و تورکیا هەنگاوی بۆ ئاشتی نەناوە
رۆژی 10ی تەممووزی 2026، تەڤگەری ئازادی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، پار لە رۆژی 11ی تەممووزدا بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە و 29 لە هاوڕێیانی، وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ، لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو هەنگاوە دوای ئەوە هات کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە داوای کرد شەڕ رابگیرێ و کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی تەڤگەری ئازادیدا ئاماژە بە وەستاندنی شەڕ کراوە و دەڵێت: "ئێمە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداریمان دا، تەنانەت گەریلاکانیشمان لەنێو سنوورەکانی تورکیا کشاندەوە بۆ ئەوەی رێگە بۆ ئاشتی خۆش بێت".
کەجەکە رەخنە لە حکومەتی تورکیا دەگرێ و دەڵێت: "بەرپرسانی تورکیا تەنیا قسە دەکەن و لەسەر زەوی هیچ کارێکیان نەکردووە بۆ ئەوەی مافی کورد بدەن، یان یاسایەکی نوێ بۆ ئاشتی دەربکەن."
شاندی دەم پارتی بۆ دیداری ئۆجەلان بەرەو ئیمراڵی بەڕێکەوت
نووسینگەی چاپەمەنی و راگەیاندنی دەم پارتی ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی ئابی 2028 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هەریەک لە پەروین بوڵدان، میتحەت سانجار و فایق ئۆزگور ئەرۆل، ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێکەوتن."
دوایین دیداری شاندەکە لە 20ی تەممووزدا بوو. دوای کۆبوونەوەکە کە نزیکەی 5 کاژێری خایاند، شاندەکە رایگەیاندبوو، ئۆجەلان گوتوویەتی پێویستە هاوپەیمانیی مێژوویی کورد و تورک ببێتە بنەمایەکی یاسایی.
لە راگەیێندراوەکەدا ئۆجەلان داوای کردبوو کە لە چوارچێوەی ئەو راپۆرتەی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیا ئامادەی کردووە، دەست بە رەوتێکی یاسایی بکرێت و بانگەوازی لە هەمووان کردبوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و چەک و دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ، ئەرکی سەرشانیان جێبەجێ بکەن.
چاوەڕوان دەکرێت، سبەی دووشەممە 3ـی ئابی 2026، شاندی ئیمراڵی راگەیێندراوێک لەبارەی سەردانەکەیان و دیداریان لەگەڵ ئۆجەلان بڵاوبکەنەوە. هاوکات چاوەڕوان دەکرێت نوێترین پەیامی ئۆجەلانیش بۆ رای گشتیی بڵاوبکرێتەوە.
سەرۆکی پەرلەمان: لە رۆژانی داهاتوودا دەنێردرێتە پەرلەمان
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، پڕۆژەیاسای پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد کە حکومەت بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبات، لە رۆژانی داهاتوودا وەک پێشنیازی هاوبەشی پارتەکان دەدرێتە پەرلەمانی تورکیا.
نوعمان کورتوڵموش لە هەڵسەنگاندنێکدا سەبارەت بە بنەما سەرەکییەکانی رێکخستنەکە گوتبووی، "هەوڵدەدەین تێگەیشتنێکی هاوبەش بخەینەڕوو. ئەو چوارچێوە یاساییەی کە پەیوەستە بەوەی رێکخراوی هەڵوەشاوە [پەکەکە] چۆن بجووڵێتەوە و لە بەشی 6ـی راپۆرتی کۆمیسیۆنەکەماندا هاتووە، دەپارێزرێت. واتە ئەمە یاسایەکی کاتی و سەربەخۆ دەبێت."
کورتوڵموش هەروەها گوتی، رێکخستنەکە میکانیزمێکی بۆ دیاریکردن و پشتڕاستکردنەوەی دانانی چەکی پەکەکە لەخۆدەگرێت و رایگەیاندبوو، ئەمە بە واتای لێبوردنی گشتی یان لێبوردنی تایبەت بە کەس نایەت.
پشووی پەرلەمان دواخرا
هەموو ساڵێک پەرلەمانی تورکیا لە 1ـی تەممووز دەچێتە پشووی هاوینەوە. ئەمساڵ لە 16ـی حوزەیراندا بە بڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ماوەی کارکردنی پەرلەمان تاوەکو 22ـی تەممووز درێژکرایەوە.
لە 21ـی تەممووز لەسەر پێشنیازی فراکسیۆنی ئاکپارتی ماوەی کارکردنی پەرلەمان تاوەکو 30ـی تەممووز درێژکرایەوە. رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووز جارێکی دیکە لەسەر داوای فراکسیۆنی ئاکپارتی بۆ جاری سێیەم ماوەی کارکردنی پەرلەمان درێژکرایەوە و پەرلەمان تاوەکو 6ـی ئاب لە دانیشتنەکانی بەردەوام دەبێت.
پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد
پرۆسەی چارەسەری رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەستیپێکرد. دواتر 27ـی شوباتی 2025، ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. هەروەها رۆژی 11ـی تەممووزی 2025 گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی سیمبوولی چەکیان سووتاند.
دواتر (کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا و لە 5ـی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد. ئەو کۆمیسیۆنە رۆژی 18ـی شوباتی 2026 راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی پەسند کرد. ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی یاسایی و چەکدانانی کردەیی پەکەکەن.


.jpg&w=3840&q=75)
