رووداو دیجیتاڵ
عەبدوڵڵا زەیدان، لە فێستیڤاڵی کولتووریی تاتوان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، قسەی لەبارەی گفتوگۆکانی چارەسەرییەوە کرد و رایگەیاند: "ئەمە پرۆسەیەکی مێژووییە؛ ئەگەر پێگەی کورد لە دەستووردا مسۆگەر بکرێت، نەک تەنیا تورکیا، بەڵکو هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەناسەیەک دەدات." ئاماژەی بە تێچووی ئابووریی شەڕ کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو 2 تریلیۆن دۆلارەی خەرج کراوە، دەبوو بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵک بەکاربهێنرێت.
عەبدوڵڵا زەیدان، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی وان کە قەییومی لە شوێن دانراوە، بەشداریکرد لە 58ـەمین فێستیڤاڵی کولتوور و هونەر لە قەزای تاتوانی بەدلیس کە بە درووشمی "لە تاتوان کولتوور هەیە، هونەر هەیە، ئێمە هەین" بەڕێوەچوو، وەڵامی پرسیارەکانی عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری رووداوی دایەوە.
زەیدان، لەبارەی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد، قەیرانی ئابووری، دۆخی سیاسییەکان لە زیندانەکان و سیاسەتی قەییومەوە هەڵسەنگاندنی کرد.
دەرفەتێکی گەورە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبەردەمە
زەیدان، جەختی لە گرنگیی پرۆسەکە کردەوە و ئاشتیی کورد و تورکی بە کلیلێکی هەرێمی وەسفکرد و گوتی: "ئەمە پرۆسەیەکی مێژووییە. دەرفەتێکی گەورە بۆ گەلی تورکیا، گەلی کوردستان و هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبەردەمە. دەزانین ئەگەر ئاشتی لەنێوان کورد و تورکدا بچەسپێت، کاریگەرییەکی زۆر ئەرێنی لەسەر هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت. بۆیە ئەم پرۆسەیە زۆر گرنگە. بەداخەوە تاوەکو ئێستا ئەو هەنگاوانەی لەلایەن دەسەڵاتەوە نراون، بە تەواوی وەڵامدەرەوەی چاوەڕوانییەکانی ئێمە نەبوون. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە پرۆسەکە بێ بەهایە؛ بۆ ئێمە زۆر بەنرخە و گرنگییەکی زۆری پێدەدەین."
گەلی کورد و ئۆجەلان ئیرادەیەکی ستراتیژییان نیشان داوە
زەیدان، باسی لە سووربوونی لایەنی کوردی لەسەر ئاشتی کرد و ئەم بانگەوازەی ئاراستەی حکومەت کرد: "گەلی کورد، بەڕێز ئۆجەلان، بزووتنەوەی پەکەکە و هەموو ئەو لایەنانەی ئاشتییان دەوێت، لەمبارەیەوە ئیرادەیەکی ستراتیژییان نیشان داوە. بەداخەوە حکومەت هێشتا هەنگاوی چاوەڕوانکراوی نەناوە، بەڵام هیوادارین ئەمڕۆ یان سبەی حکومەتیش هەنگاوێکی جیددی و خێرا بنێت. دەبێت رێگە لەبەردەم ئەم دەرفەتە مێژووییە بکرێتەوە. ئەمە بەرپرسیاریێتییەکی گەورەیە بۆ داهاتووی منداڵانی کورد، تورک و هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەگەر ئەم بەرپرسیاریێتییە جێبەجێ نەکەین، تاوانی ئەمە لە ئەستۆی ئێمەدا دەبێت، چ لەم دنیا و چ لەو دنیا."
داننان بە پێگەی کورد گەورەترین هەنگاوی ئاشتییە
زەیدان، ئاماژەی بەوە کرد کە داننان بە پێگەی کورد مافێکە و گوتی: "چاوەڕوانین سبەی بەو هەنگاوانەی دەنرێن، پێگەی کورد لەلایەن کۆماری تورکیاوە قبووڵ بکرێت. کاتێک دان بە پێگەی کورددا نرا، ئەمە دەبێتە گەورەترین هەنگاو بۆ ئاشتی. ئەو کاتە قەییومەکان دەکشێنەوە، سیاسییەکانمان لە زیندانەکان و هاوڕێکانمان لە تاراوگە ئازاد دەبن. ئەوەی بەڕاستی پێویستە، ئاشتی و برایەتییە. ساڵانێکە لەم شەڕەدا دایکانمان گریاون، فرمێسکیان رشتووە و دڵیان سووتاوە. چیتر دەبێت کۆتایی بەم ئازارانە بێت."
دەبێت لە دەستووردا بە فەرمی دان بە بوونی کورددا بنرێت
زەیدان، جەختی لەوە کردەوە کە داواکارییەکانی کورد دژی بەرژەوەندیی گەلی تورک نین و گوتی: "مەبەستمان لە پێگەی کورد ئەمەیە: کورد نەتەوەیەکە، گەلێکە. ئەم دەوڵەتە لەلایەن تورک و کوردەوە پێکەوە دامەزراوە. مافی برا تورکەکانمان چییە، دەبێت مافی کوردیش هەمان شت بێت. خودا ئێمەی بە کورد دروست کردووە؛ مافی خۆمانە لەسەر خاکی خۆمان بە زمان، کولتوور و ناسنامەی خۆمانەوە بە ئازادی بژین."
زەیدان گوتیشی: "دەبێت لە یاسا و دەستووری دەوڵەتی تورکیادا بە فەرمی دان بە بوونی کورددا بنرێت. دەبێت کورد بە زمانی خۆی بخوێنێت، شارەکانی خۆی بەڕێوەببات و بە ناسنامەی خۆیەوە بە ئازادی بژیت. کاتێک کورد بە مافەکانی دەگات، هیچ شتێک لە گەلی تورک کەم نابێتەوە. بەپێچەوانەوە، لەنێو دیموکراسی و ئاشتیدا پێکەوە دەژین."
دەبوو 2 تریلیۆن دۆلار بۆ کرێکار خەرج بکرایە، نەک بۆ شەڕ
زەیدان، بە ئاماژەدان بەو ژمارانەی پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاندبوون، سەرنجی خستە سەر ئەو هەژارییەی شەڕ دروستی کردووە: "50 ساڵە ئەم شەڕە بەردەوامە. هەزاران گەنجی کورد و تورک گیانیان لەدەستداوە، چەندین ماڵ وێران بوون. باشە، چیمان دەستکەوت؟ لە تورکیا و کوردستان هەژارییەکی گەورە هەیە. ئەگەر ئەم ئاشتییە بچەسپێت، ئابووریش باش دەبێت. سەرۆککۆماریش ئاماژەی پێدا؛ 2 تریلیۆن دۆلار بۆ ئەم شەڕە خەرج کراوە. ئەگەر ئەم 2 تریلیۆن دۆلارە بۆ ئابووریی تورکیا، بۆ خانەنشین، کرێکار و جووتیار خەرج بکرایە، خەڵکەکەمان ئەوەندە پەریشان نەدەبوو. گەنجەکانمان دوو زانکۆیان تەواو نەدەکرد و بێکار نەدەمانەوە. هۆکاری هەموو ئەمانە ئەم شەڕەیە. بۆیە دەبێت هەمووان دەستیان بخەنە سەر ویژدانیان، بە ژیری بجووڵێنەوە و ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە."
فێستیڤاڵ سەنگەری پاراستنی ناسنامەیە
زەیدان، باسی لەوە کرد کە فێستیڤاڵەکەی تاتوان تەنیا بۆ کات بەسەربردن نییە، بەڵکو هەڵوێستێکە و گوتی: "ئەم فێستیڤاڵەی کولتوور، هونەر و زمانی کوردی، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی ناسنامەی کورد. خاوەنداریکردن لە کولتوور و زمانی خۆمان، خاوەنداریکردنە لە داهاتوومان."
.jpg&w=3840&q=75)

