رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، لەو لێکۆڵینەوانەی لەبارەی 44 ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان لە 16 پارێزگا لە 1ی حوزەیرانەوە کراون، 29 گومانلێکراو دەستنیشانکراون و 6 یان دەستگیرکراون، بڕیاری چاودێریی دادوەری بۆ 9 کەسی دیکە دەرچووە و گوتیشی: "رێگە نادرێت هیچ ئاگرکەوتنەوەیەکی دارستانەکان کە گومانی تاوانی لەسەر بێت، بکەرەکەی بە نادیاری بمێنێتەوە."
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا، لەبارەی لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان لەسەر ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان ئاماژەی بەوە کرد، هەستیارییان بۆ روونکردنەوەی رووداوە بکەرنادیارەکان تەنیا بۆ ئەو تاوانانە نییە کە بەرامبەر هاووڵاتییان دەکرێن، بەڵکو هەمان هەستیاری بۆ پاراستنی دارستانەکان، سامانی سرووشتی و "نیشتمانی سەوز"یش هەیە.
گورلەک رایگەیاند، بە سەرپەرشتیی سەرۆککۆماری تورکیا و بە هاوئاهەنگیی وەزارەتەکانی داد، ناوخۆ و کشتوکاڵ و دارستان، کاری بەدواداچوونی دادوەری بۆ ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان بەردەوامە.
لەو چوارچێوەیەدا، گورلەک باسی لەوە کرد، بەڕێوەبەرایەتیی کارەساتە سرووشتییەکان و رووداوەکان کە لەنێو وەزارەتەکەیدا دامەزراوە، لە نزیکەوە چاودێریی لێکۆڵینەوەکان دەکات و سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان و بەرپرسانی دەکات.
وەزیری داد ئاماژەی بەوە کرد، لە 1ی حوزەیرانی 2024ـەوە، لە 16 پارێزگا لێکۆڵینەوەی دادوەری لەبارەی 44 ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانەوە کراوە و ئەم زانیارییانەی خستەڕوو:
- 29 گومانلێکراو دەستنیشانکراون.
- 6 گومانلێکراو دەستگیرکراون.
- 9 گومانلێکراو خراونەتە ژێر چاودێریی دادوەرییەوە.
- رێکارەکانی دەستبەسەرکردنی 6 گومانلێکراوی دیکە بەردەوامن.
گورلەک جەختی لەوە کردەوە، هەموو رووداوێک بە وردی و بەپێی بەڵگەکانی شوێنی رووداو، گرتە ڤیدیۆییەکان، تۆماری پەیوەندییەکان، گەواهیدانەکان، راپۆرتی شارەزایان و داتا تەکنیکییەکان لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکرێت و تەواوی زنجیرەی کەمتەرخەمی و بەرپرسیاریێتییەکان دەخرێنەڕوو.
گوتی: "رێگە نادرێت هیچ ئاگرکەوتنەوەیەکی دارستانەکان کە گومانی تاوانی لەسەر بێت، بکەرەکەی بە نادیاری بمێنێتەوە." ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کەسانەی بە ئەنقەست دارستانەکان دەسووتێنن یان بەهۆی بێ ئاگایی و کەمتەرخەمییەوە دەبنە هۆی ئاگرکەوتنەوە، دەهێنرێنە بەردەم دادگە و گوتیشی، بەڵگەکان بەبێ هیچ کەمکورییەک کۆدەکرێنەوە و بەرپرسان بەپێی یاسا بە توندترین شێوە سزا دەدرێن.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، زیاتر لە نیوەی ئەو ئاگرکەوتنەوانەی لە ساڵی 2025دا لە دارستانەکانی وڵاتەکەدا تۆمارکراون بەهۆی کەمتەرخەمییەوە بوون، کە لە ئەنجامدا سووتانی زیاتر لە 40,000 هێکتار زەوی لە کۆی زیانی 81,473 هێکتاری سووتاو، بەهۆی کەمتەرخەمییەوە بووە.
ئامارەکانی وەزارەتەکە نیشانی دەدەن کە لە ساڵی 2025دا، تورکیا رووبەڕووی 3 هەزار و 224 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا بووەتەوە. لەو ژمارەیەش، 1753 رووداوی ئاگرکەوتنەوە راستەوخۆ بەهۆی کەمتەرخەمی بووە، ئەمەش وایکردووە کەمتەرخەمی ببێتە هۆکاری یەکەمی سوتانی دارستانەکان لەسەر ئاستی سەرانسەری وڵاتدا.
لە داتاکانی وەزارەتەکەدا هاتووە لە ساڵی 2025دا:
- 160 رووداوی ئاگرکەوتنەوە بە ئەنقەست بووە (3,546 هێکتار سووتاوە)،
- 279 رووداو بەهۆکاری سروشتی وەک برووسکە بووە (269 هێکتار سووتاوە)،
- 1032 ئاگرکەوتنەوەش هۆکارەکەیان بە نەزانراوی ماوەتەوە (37,626 هێکتار سووتاوە).
شارەزایانی ژینگە هۆشداری تووند دەدەن کە گۆڕانی کەشوهەوا، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و دابەزینی رێژەی شێ، مەترسییەکانی کەوتنەوەی ئاگر زیاتر دەکەن.
بەپێی ئامارەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزارییەکانی تورکیا بەرزترین رێژەی ئاگرکەوتنەوە لە مێژووی 37 ساڵی رابردووی وڵاتەکەدا لە ساڵی 2024دا تۆمارکراوە کە زیاتر لە 3,797 ئاگر بووە.
.jpg&w=3840&q=75)


