رووداو - دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێداگریی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری دووپاتکردەوە و رێنمایی بە ئەندام و لایەنگرانی دا کە لەم هەفتەیەوە دەرگە بە دەرگە بگەڕێن و وردەکاریی پرۆسەکە بۆ خەڵک باس بکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی رێکخستنی پارتەکەی لە ئیستەنبووڵ کە ئەمڕۆ شەممە 1-8-2026 بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد و بەشێکی گوتەکانی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بوو.
لەکاتێکدا دەستپێشخەریی ئەمجارەی پرۆسەکە لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کرا، رەجەب تەیب ئەردۆغان هاوئاهەنگیی نێوان ئاکپارتی و مەهەپەی لە بابەتی پرۆسەی چارەسەری بە گرنگ وەسفکرد و گوتی:"ئێمە وەکو هاوپەیمانیی جمهوور لەپێناوی چارەسەرکردنی پرسی تیرۆر، پرۆسەیەکی زۆر گرنگمان دەستپێکرد. سەرکەوتوو بووین لەوەی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆرمان بێ هیچ قەزا و بەڵایەک، بگەیەنینە ئەمڕۆ. لە بابەتی چارەسەرکردنی ئەم پرسە کە 40 ساڵە کۆتی پێیەکانی تورکیایە، 40 ساڵە وزە و دەوڵەمەندیمان بەفیڕۆ دەدات و بووەتە هۆی کۆتاییهاتنی ژیانی دەیان هەزار کەس، کۆمەڵگەی ئێمە چاوەڕوانی و داواکاریی جددیی هەیە".
پرۆسەی چارەسەری بە پشتیوانیی نزیکەی 95٪ی پارتەکانی نێو پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەچێت. پارتی باش (ئیی پارتی) تەنیا فراکسیۆنە کە دژی پرۆسەکەیە و بەردەوام رەخنەی تووند ئاراستەی حکومەت دەکات و دەڵێ، ئاکپارتی رێز لە پەکەکە و بەرپرسانی دەگرێت.
ئەردۆغان ئەو هەنگاوانەی پارتی باشی بە تێکدەرانە ناوبرد و گوتی:"بێگومان زۆر باش دەزانین کەسانێک لەڕێی بوختان، لەکەدارکردن و شێواندنی شتەکان دەیانەوێ پرۆسەکە لەبار ببەن. پەنا بەخوا دەرفەتیان پی نادەین. بە ژیری، تەندروستانە و ئارامییەوە هەنگاو دەنێین و ناکەوینە ژێر باری تێکدەرییەوە و پەنا بەخوا پرۆسەکە دەگەیەنینە دوا مەنزڵ".
لە کۆتایی گوتارەکەیدا ئەردۆغان رووی دەمی لە جەماوەرەکەی کرد و گوتی:"بەرپرسیاریەتیمان گەورەیە و بارمان قورسە، بەڵام ئەگەر بە بوێری و پێداگرییەوە کار لەسەر ئەم پرسە بکەین، لەو باوەڕەدام هیچ کەسێک ناتوانێ ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم گەیشتنمان بە دوا مەنزڵ. تکاتان لێدەکەم لەم بابەتەدا هەوڵی زۆر زیاتر بدەن. بەتایبەتی لە هەفتەی دادێ بەدواوە، بە درێژایی وەرزی هاوین با بە هەموو ئەو خەڵکە بگەین و بە فراوانی باسی ئەم پرۆسەیەیان بۆ بکەین".
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان کە بەگوێرەی سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، ئەم هەفتەیە پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دەگاتە پەرلەمانی ئەو وڵاتە.



