رووداو - دیجیتاڵ
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، بۆ بەکارهێنانی بۆریی نەوتی خاوی عێراق-تورکیا، رێککەوتنێکی یەک ساڵەیان لەگەڵ عێراق واژۆ کردووە. بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، بڕی ئەو نەوتەی رۆژانە رەوانەی تورکیا دەکرێ، لە 180 هەزار بەرمیلەوە بۆ 750 هەزار بەرمیل زیاد دەکرێ.
تورکیا و عێراق لە بواری وزەدا هەنگاوێکی نوێیان نا
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 1-8-2026 لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، کارەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێی درێژخایەن لەگەڵ عێراق بەردەوامن.
بایراکتار، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق و شاندی یاوەری لە وەزارەتەکەی رایگەیاند، رێککەوتنێکی یەک ساڵی لەنێوان کۆمپانیای بۆتاش (BOTAŞ) و کۆمپانیاکانی نەوتی عێراق، سۆمۆ (SOMO) و کۆمپانیای نەوتی باکوور (NOC) واژۆ کراوە کە بەکارهێنانی کارای بۆریی نەوتی خاوی عێراق-تورکیا مسۆگەر دەکات.
بایراکتار رایگەیاند، هاوڕێک لەگەڵ ئەم هەنگاوانەی ئێستا، کارەکان بۆ رێککەوتنێکی نوێی درێژخایەنیش بۆ ئەو هێڵە (گواستنەوەی نەوت) بەردەوامن کە نزیکەی نیو سەتەیە وەک رێڕەوی ستراتیجیی وزە لە نێوان هەردوو وڵاتدا خزمەت دەکات.
وەزیری وزەی تورکیا گوتی، رێکخستنی گواستنەوەی نەوت کە بریتییە لە توانای ناردنی رۆژانەی 750 هەزار بەرمیل خراوەتە واری جێبەجێکردنەوە؛ هێڵەکە رۆڵێکی سەرەکی لە گەیاندنی سەلامەت و بێ پچڕانی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، دەگێڕێ.
"دەرگای قۆناخێکی نوێ لە هاوبەشیی وزەدا واڵا دەکات"
بایراکتار لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئامانجیان بەکارهێنانی ژێرخانەکەیە بە تەواوی توانای خۆیەوە و گوتی: "ئامانجمان جێبەجێکردنی هاوکارییەکی گشتگیر و درێژخایەنە کە نەوتی عێراق و سەرچاوەکانی وزەی ناوچەکەش لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە بگەیێنێتە بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش دەرگای قۆناخێکی نوێ لە هاوبەشیی وزەی نێوان تورکیا و عێراق دەکاتەوە.
هەر ئەمڕۆ شەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ دەستکەوتێکی ستراتیجیی گرنگ بۆ دابینکردنی بەردەوامیی هەناردەی نەوتمان و بەهێزکردنی هاوکاریی ئابووری لەگەڵ تورکیا بەدی هات."
رۆژی 28-7-2026 دوای کۆبوونەوەی دووقۆڵیی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە و کۆبوونەوەی نێوان شاندەکانیان، پرۆتۆکۆڵی واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات بەرێوەچوو.
لەو چوارچێوەیەدا چەند یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ هاوئاهەنگی لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆکرا.
ئەردۆغان و زەیدی رێککەوتن لەسەر ئەوەی رۆژانە ملیۆنێک بەرمیل نەوت لە عێراقەوە هەناردەی تورکیا بکرێت.
ئەردۆغان رایگەیاند، پار قەبارەی ئاڵوگۆڕی تورکیا و عێراق لە 17 ملیار دۆلار نزیک بووەتەوە و دەیانەوێ زیاتر بەرزی بکەنەوە؛ هەروەها جەختیکردەوە کە لە زۆربەی بابەتەکاندا لەگەڵ عەلی زەیدی بۆچوونەکانیان لە یەکدییەوە نزیک بووە.



