رووداو دیجیتاڵ
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی رایگەیاند، پڕۆژەیاسای چارەسەری پرسی کورد بایەخێکی زۆری هەیە و پێویستە بە بەرفراوانترین رێککەوتنی سیاسی بخرێتە کارنامەی پەرلەمانەوە. ئایشەگوڵ دۆغان باسی لەوەش کرد، عەبدوڵڵا ئۆجەلان کارەکتەرێکی سەرەکی ئەم پرۆسەیەیە.
ئایشەگوڵ دۆغان دوای کۆبوونەوەی دەستەی جێبەجێکاری ناوەندیی دەم پارتی رایگەیاند، ئەوان پێشوازی لە درێژکردنەوەی کارەکانی پەرلەمان و ئامادەکارییەکان بۆ یەکەم هەنگاوی یاسایی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد دەکەن.
ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەیاساکە تەنیا رێکخستنێکی یاسایی سادە نییە، بەڵکو بنەمای هەموو ئەو رێکخستنە یاساییانە دەبێت کە لەمەودوا دەکرێن و گوتی: "دابینکردنی بەرفراوانترین رێککەوتنی سیاسی لە زمان، چوارچێوە و شێوازی نووسینی یاساکە دا گرنگییەکی زۆری هەیە."
"پێویستە ناڕوونییەکان بڕەوێندرێنەوە"
ئایشەگوڵ دۆغان ئاشکرای کرد کە دانوستاندنەکان لەسەر رەشنووسەکە بەردەوامن و هێشتا تەواو نەبوون، هەروەها پارتە سیاسییە جیاوازەکان پێشنیازی جیاوازیان خستووەتەڕوو.
گوتەبێژی دەم پارتی رایگەیاند، پێویستە پرۆسەکە لە ناڕوونییە یاساییەکان پاکبکرێتەوە و گوتی: "ئێستا دەبێت هەموو ناڕوونییەکان لەم بارەیەوە بڕەوێندرێنەوە و پڕۆژەیاساکە بە خێرایی شێوازێکی بەرجەستە ئامادە بکرێت."
سەبارەت بە گفتوگۆکانی پەیوەست بە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئایشەگوڵ دۆغان رایگەیاند: "بەڕێز ئۆجەلان موخاتەبی سەرەکی و کارەکتەری یەکلاییکەرەوەی ئەم پرۆسەیەیە."
گوتەبێژی دەم پارتی گوتی، بەشداریی کارای ئۆجەلان لە پرۆسەکە دا بە گۆڕینی مەرجە یاسایی و پراکتیکییەکان گونجاو دەبێت و پێویستە رۆڵ و دەسەڵاتەکانی بە رێکخستنی یاسایی روون بکرێنەوە.
"پێویستە زمانی ئاشتی بەکاربهێندرێت"
ئایشەگوڵ دۆغان سەرنجی بۆ گرنگیی زمانی سیاسی راکێشا بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی تەندروست بەڕێوەبچێت و ئاماژەی بەوە کرد: "پێویستە لە گوتاری پەراوێزخستن و جەمسەرگیری دوور بکەوینەوە."
گوتەبێژی دەم پارتی گوتی: "ئێمە دەمانەوێت قۆناخێکی نوێ لە تورکیا دا دەستپێبکەین،" هەروەها رایگەیاند کە زمانێکی گشتگیر و لێک نزیککەرەوە یەکێکە لە توخمە سەرەکییەکانی پرۆسەی ئاشتی.
سەبارەت بە دانوستاندنەکان و گفتوگۆکانی پەیوەست بە ماوەی یاساکە رایگەیاند: "یاساکە دەکرێت کاتی بێت، بەڵام دەبێت کاریگەرییەکانی هەمیشەیی بن. پێویستە ئەنجامی هەمیشەیی بۆ ئاشتی، دیموکراسی و دادپەروەری بەدەستبهێنێت."
ئایشەگوڵ دۆغان ئاشکرای کرد کە کارکردن لەسەر کارنامەی پرۆسەکە بەردەوامە و ئاماژەی بەوە کرد کە چاوەڕوانن سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە ماوەیەکی کورت دا روونکردنەوەیەک لەسەر پرۆسەکە بڵاوبکاتەوە.


