رووداو دیجیتاڵ دامەزراندنی (پارتی نوێ) بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل گۆڕەپانی سیاسیی تورکیای هەژاند و هەنگاوەکەش کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا. لە کاتێکدا پارتی کۆمۆنیستی تورکیا هەنگاوەکەی بە "قۆناخێکی نوێی ئایدیۆلۆژی" ناوبرد، مەهەپە پێشنیازی هاوکاریی دارایی بۆ کرد. "لە رووی گۆڕانکاریی ئایدیۆلۆژییەوە چووینە قۆناخێکی نوێ" کەمال ئۆکویان، سکرتێری گشتیی پارتی کۆمۆنیستی تورکیا رایگەیاند، "لە رووی گۆڕانکارییە ئایدیۆلۆژییەکانەوە، چووینە قۆناخێکی نوێ." ئۆکویان ئەمڕۆ هەینی ئاماژەی بەوە کرد کە ئاکپارتی بووەهۆی دروستبوونی ئەم پارتە، بەڵام ئەو پرسیارەی کرد کە ئایا ئاکپارتی ئەوەی لەبەرچاو گرتووە لێکەوتەکانی دامەزراندنی ئەم پارتە تەنیا لەناو جەهەپەدا نامێنێتەوە؟ موساڤات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی (ئیی پارتی) لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، "نامەوێت دەستوەر بدەمە کاروباری ناوخۆیی پارتێکی سیاسی. خۆزگە بابەتەکە لە چوارچێوەی دیموکراسیدا بمایەتەوە و نەگەیشتبایەتە ئەو ئاستەی کە پارتێکی نوێ دابمەزرێت." هاوکات ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی (ئایندە)، هاوشێوەی دەرویشئۆغڵو بە وریاییەوە هەڵوێستی خۆی راگەیاند و لە هەژماری سۆشیاڵمیدیای خۆی ئەم پەیامەی بڵاوکردەوە، "پارتێکی نوێ دامەزرا و تەنیا دەتوانین بڵێین پیرۆز بێت. پێشنیاز دەکەم لەبری جیاوازییەکان، سەیری خاڵە هاوبەشەکان بکەین." کاردانەوەی بلۆکی دەسەڵات رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی، یەکەمجارە دوای لووتکەی ناتۆ لەبەردەم کامێراکان دەرکەوت. ئەردۆغان بێدەنگیی خۆی پاراست و هیچ لێدوانێکی لەسەر پارتەکەی ئۆزگور ئۆزەل نەدا. بەڵام ئۆکتای سەرال، راوێژکاری ئەردۆغان، لە هەژمارەکەی سۆشیاڵمیدیای خۆی وێنەی لۆگۆی (پارتی نوێ) و خواردنەوەی کحولیی (یەنی راقی) لە تەنیشت یەک داناوە و نووسیویەتی، "ئایا لۆگۆکە رێککەوتە یان مهبەستدارە؟ بڕیار بۆ رای گشتی جێدەهێڵم." دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەی هاوپەیمانیی ئاکپارتی رایگەیاند، لە رووی ئەخلاقییەوە پێویستە بەشێک لەو هاوکارییە داراییەی دەوڵەت کە بۆ ساڵی 2026 بۆ جەهەپە تەرخانکراوە، بەپێی ژمارەی پەرلەمانتارەکانیان بدرێتە (پارتی نوێ). "هەرگیز نابینە هاوپەیمانیان" پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە سەرۆکایەتیی فاتیح ئەربەکان، ئەگەری هەر هاوپەیمانییەکی لەگەڵ پارتە نوێیەکە رەتکردەوە و لە هەژماری ئێکسدا نووسی، "جەهەپە ئێستا بووەتە دوو پارت. ئێمە لەگەڵ بەرەیەک کە جەهەپە سەرکردایەتی بکات نەبووین و نابین، بە تەنیا دەچینە هەڵبژاردن." ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی دوورخراوەی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، کە لە 19ـی ئاداری 2025ـەوە دەستبەسەرە، ئەویش لە رێگەی پارێزەرەکانییەوە لە هەژماری ئێکسی خۆی پشتیوانی لە ئۆزگور ئۆزەل کرد و نووسی، "هەموو شتێک زۆر جوان دەبێت، بەرەو پێشەوە، هەڤاڵان." پەرلەمان فراکسیۆنی نوێی پەسندکرد دوای راگەیاندنی دامەزراندنی (پارتی نوێ) و پەسندکردنی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە بەپێی رێکارەکانی یاسای پارتە سیاسییەکان، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئەو وڵاتەش دامەزراندنی فراکسیۆنە نوێیەکەی پەرلەمانی پەسند کرد و تەنانەت شوێنی ئێستای دانیشتنی فراکسیۆنی جەهەپەی بە (پارتی نوێ) بەخشی، بەهۆی ئەوەی خاوەن 91 کورسیی پەرلەمانە. هەروەها لە ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەماندا، نەخشەی نوێی دابەشبوونی 592 کورسییەکەی پەرلەمانی بەم ریزبەندییە بڵاوکرایەوە: -ئاکپارتی: 277 کورسی -پارتی نوێ: 91 کورسی -دەم پارتی: 56 کورسی -مەهەپە: 46 کورسی -جەهەپە: 44 کورسی -ئیی پارتی: 29 کورسی -رێگای نوێ: 20 کورسی -پەرلەمانتارانی سەربەخۆ: 11 کورسی هەریەک لە هوداپار و پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ 4 کورسی، پارتی کرێکارانی تورکیا 3 کورسی، پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) و پارتی رەنج هەریەکەیان 2 کورسی، پارتەکانی سەعادەت، چەپی دیموکرات و پارتی دیموکرات هەریەکەیان 1 کورسییان هەیە. پێشتر پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە 135 کورسی گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆن و دووەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بوو لەدوای ئاکپارتی. لەگەڵ دروستبوونی ناکۆکییە ناوخۆییەکان و جیابوونەوەی باڵی ئۆزگور ئۆزەل، پێگەی جەهەپە وەک حیزبی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن درایە پارتی نوێ. دەکرێت ژمارەکە گۆڕانی بەسەردا بێت | چاوەڕوان دەکرێت 9 پەرلەمانتاری دیکەی جەهەپە پەیوەندی بە ریزەکانی (پارتی نوێ) بکەن، بەهۆی ئەوەی بۆچوونیان لەگەڵ سیاسەتی کەمال کڵچدارئۆغڵو یەکناگرێتەوە. ئەم پەرلەمانتارانە نایانەوێت لە جەهەپە بمێننەوە، هۆشدارییان بە کڵچدارئۆغڵو داوە، ئەگەر سیاسەتی خۆی نەگۆڕێت، پەیوەندی بە (پارتی نوێ) دەکەن. هاوکات 11 پەرلەمانتاری سەربەخۆ هەن کە 3یان پەرلەمانتاری جەهەپە بوون و بەهۆی بڕیاری پووچەڵکردنەوەی رەها، دەستیان لەکارکێشایەوە، رەنگە بەشێک لەوانیش پەیوەندی بە (پارتی نوێ)وە بکەن. ئۆزگور ئۆزەل لە پەیوەندیدایە و هەوڵ دەدات رازیان بکات بۆ ئەوەی بچنە نێو ریزی پارتەکەی. چی روویدا؟ رۆژی 21ـی ئایاری 2026، دادگایەکی ئەنقەرە بڕیاری "پووچەڵکردنەوەی رەها"ی بۆ 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپە دەرکرد کە تێیدا ئۆزگور ئۆزەل بووە سەرۆک. بەو بڕیارە، ئۆزەل و تیمەکەی رەوایەتییان لەدەستدا و کەمال کڵچدارئۆغڵو و ستافە کۆنەکەی گەڕانەوە سەر دەسەڵات، ئەوەش جەهەپەی تووشی گەورەترین قەیرانی یاسایی و سیاسیی مێژووی خۆی کرد.