رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند: کارەکان بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی و هەوڵ دەدرێت بە سازانی لایەنە سیاسییەکان بنێردرێتە پەرلەمانی تورکیا.
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، رۆژی هەینی باسی لەوە کرد کە لە چوارچێوەی "پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی"دا دیداری گرنگ ئەنجامدراون، لەوانەش سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و زنجیرە دیدارەکانی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ پارتە سیاسییەکان.
ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە لە دیداری ئۆجەلاندا رەهەندە یاساییەکانی رەشنووسەکە تاوتوێ کراون و گوتی: "دەتوانین بڵێین لە قۆناخی کۆتاییداین بۆ ئامادەکردنی ئەم رەشنووسە. ئامادەکارییەکان بەرەو تەواوبوون دەچن و پلانەکە ئەوەیە بە رەچاوکردنی پێشنیاز و تێبینیی پارتە سیاسییەکان و لە رێگەی سازانێکی گەورەی سیاسییەوە، رەشنووسەکە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە."
گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد: بە دەرچوونی ئەم یاسایە قۆناخێکی نوێ لە پڕۆسەکەدا دەستپێدەکات، هەروەها کۆتایی بەو ناڕوونییە لە پرۆسەی چارەسەری دەهێندرێت کە لە دوو ساڵی رابردوودا بەردەوام گفتوگۆی لەسەر دەکرا.
دۆغان جەختی لەوە کردەوە: کاتی دیاریکراو بۆ رادەستکردنی رەشنووسەکە بە پەرلەمان لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە رادەگەیێندرێت.
دۆغان هەروەها گوتی: لە رۆژی دووشەممەوە هاوسەرۆکانی دەم پارتی زنجیرەیەک سەردان بۆ لای پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان دەستپێدەکەن و داوای لە میدیا و لایەنەکان کرد کە زمانێکی ئەرێنی بۆ خزمەتکردنی پرۆسەکە بەکاربهێنن.
چاوەڕێ دەکرێت پێش کۆتایی مانگی تەممووز، ئەو رەشنووسە یاساییە بنێردرێتە پەرلەمانی تورکیا.
پەرلەمانی تورکیا دەیەوێت بە پاڵپشتی و کۆدەنگیی پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان پرۆسەی چارەسەری بخاتە سەر زەمینەیەکی یاسایی.


