رووداو دیجیتاڵ دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (جەهەپە)، ئۆزگور ئۆزەل رایگەیاند کە (پارتی نوێ) هەر لە یەکەم رۆژی دامەزراندنییەوە بووەتە پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانی تورکیادا و ئامانجی سەرەکییان گەیشتنە بە دەسەڵات. رۆژی هەینی، 24ـی تەممووزی 2026، ئۆزگور ئۆزەل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە ئاماژەی بە دامەزراندنی پارتەکەی لە ساڵیادی رێککەوتننامەی لۆزان کرد و گوتی: "ئەمڕۆ 24ـی تەممووز، ساڵیادی رێککەوتننامەی لۆزانە. ئێمە تەنانەت سانتیمەترێکیش لە لۆزان، سنوورەکانی میساقی ملی و بەها سەرەکییەکانی کۆماری تورکیا پاشەکشە ناکەین." لەبارەی دامەزراندنی پارتی نوێ، ئۆزەل گوتی: "کەمێک پێش ئێستا هاوڕێیانمان بە واژۆی 91 پەرلەمانتار بەڵگەنامە پێویستەکانی دامەزراندنی پارتییان رادەستی وەزارەتی ناوخۆ کرد." ئۆزەل لە بەردەوامیی قسەکانیدا باسی لە ئامانجی پارتەکەی کرد و رایگەیاند: "پارتی نوێ هەر لە رۆژی دامەزراندنییەوە بووەتە پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانی تورکیا. پارتەکەمان بۆ یەکەمجار و دوایین جار وەک پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن بەشداری لە پەرلەمان دەکات، چونکە ئامانجی دواترمان گەیشتنە بە دەسەڵات. رێگەمان رێگەی دەسەڵاتە و ئامانجمان گرتنەدەستی دەسەڵاتە." ئۆزگور ئۆزەل کە بە بڕیاری دادگا لە سەرۆکایەتیی جەهەپە دوورخرابووەوە، لەگەڵ 90 پەرلەمانتاری دیکەی لە جەهەپە دەستیان لەکارکێشایەوە و (پارتی نوێ)یان دامەزراند. بۆ پێکهێنانی فراکسیۆن لە پەرلەمانی تورکیادا لانیکەم 20 پەرلەمانتار پێویستن. (پارتی نوێ) بە 91 کورسییەوە نەک تەنیا بووە خاوەن فراکسیۆن، بەڵکو پێگەی "ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی" لە جەهەپە وەرگرتەوە کە کورسییەکانی لە 135 کورسی بۆ 44 کورسی دابەزیون.