رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانیی تورکیا و سەرۆکی دەستەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی سووریا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کۆتایی ئەمساڵ دەروازەیەکی گومرگی لە نێوان نسێبین و قامیشلۆ کارا بکەن.
عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا ئێوارەی چوارشەممە 22-7-2026 لە ئەنقەرە پێشوازیی لە قوتەیبە ئەحمەد بەدەوی، سەرۆکی دەستەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی سووریا کرد و لەگەڵیدا کۆبووەوە.
بۆڵات لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی نێوان تورکیا و سووریا پاڵپشت بە بازرگانی و ئابووری بەهێزتر دەکرێن.
بۆڵات هەروەها گوتی: "ئامانجمان بەرزکردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە بۆ 10 ملیار دۆلار. قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات ساڵی 2025 گەیشتووەتە 3.7 ملیار دۆلار کە ئەمەش لووتکەیەکی مێژوویی بوو".
وەزیری بازرگانیی تورکیا هەروەها رایگەیاند، لە دیدار و گوتوێژیان لەگەڵ قوتەیبە ئەحمەد بەدەوی، جەختیان لەسەر سووربوونی ئەنقەرە کردووەتەوە بەوەی لە نزیکترین کاتدا ئەو قەبارەیە بگەیەننە 10 ملیار دۆلار. هەروەها رایگەیاند، ئەمە ئامانجێکی جددیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیایە.
بۆڵات راشیگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە باجە گومرگییەکان، خێراکردنی پرۆسەکانی لیژنەی هاوبەشی گومرگ و بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە دەروازە سنوورییەکان تاوتوێ کراون.
رێککەوتن لەسەر کردنەوەی دەروازەی نسێبین – قامیشلۆ
بۆڵات هەروەها بە گرنگییەوە باسی فراوانکردن و بەمۆدێرنکردنی ئەو شەش دەروازە گومرگییە دەکات کە ئێستا لە نێوان هەردوو وڵاتدا چالاکن و رایگەیاند: "بە فراوانکردن و نوێکردنەوەی ئەو شەش دەروازە گومرگییە چالاکەی نێوان هەردوو وڵات، ئامانجمانە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دوولایەنە و رێڕەوە بازرگانی و لۆجیستییەکان کە بۆ سەرجەم وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو درێژ دەبنەوە، بە تەواوی توانایانەوە بخەینە گەڕ."
بە گوتەی بۆڵات، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، دەروازەیەکی گومرگیی فەرمی لە نێوان شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردین و شاری قامیشلۆدا کارا بکرێت.



