رووداو - دیجیتاڵ
پەرلەمانی تورکیا پێشنیاری فراکسیۆنی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) بۆ درێژکردنەوەی خشتەی کاری پەرلەمانی پەسند کرد. بەپێی بڕیارەکە، پشووی پەرلەمان کە بڕیاربوو لە 24ـی تەممووز دەستپێبکات، بۆ ماوەی هەفتەیەک دواخرا.
پەرلەمانی تورکیا بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، جەلال ئادان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، ئەو پێشنیارەی ئاکپارتی پێشکەشی کردبوو لەبارەی خشتەی کار و ریزبەندیی کارنامەی پەرلەمان تاوتوێ کرا و پەسند کرا.
بەپێی بەرنامەی پەسندکراو، پەرلەمان رۆژی هەینی، 24ـی تەممووز و هەفتەی داهاتووش بەردەوام دەبێت لە کۆبوونەوەکانی. چاوەڕێ دەکرێت لە 30ـی تەممووز، پەرلەمانی تورکیا بچێتە پشووی هاوینەوە.
لەلایەکی دیکەوە موراد ئەمیر، سەرۆکی فراکسیۆنی پەرلەمانیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رەخنەی لە ئاکپارتی گرت بەوەی کارەکانیان بێپلانە و ئاماژەی بەوە کرد، جەهەپە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەکان ئامادەن تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول لە پەرلەمان کار بکەن.
پەرلەمانی تورکیا هەموو ساڵێک لە 1ـی تەممووز دەچێتە پشووی هاوینە. ئەمساڵ بە فەرمانی سەرۆکایەتیی کۆمار کارەکانی پەرلەمان بۆ 24ـی تەممووز درێژکرایەوە و پشووی هاوینەی پەرلەمان دواخرا.
بەهۆی کەڵەکەبوونی رەشنووسی چەندین پڕۆژەیاسای گرنگیی ئابووری، پەروەردەیی و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان کە پێویستیان بە پەسندکردنی بەپەلە هەبوو، لایەنەکان بڕیاریان دا وەرزی یاسادانان درێژ بکەنەوە تاوەکو کۆتایی بە تاوتوێکردنی پڕۆژەیاساکان بهێنن.
یەکێک لەو پرسە هەڵواسراوانەی کە چاوەڕێ دەکرێت پێش کۆتایی مانگی تەممووز بێتە پەرلەمان، پڕۆژەیاسای تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری.

