رووداو - دیجیتاڵ
لە پارێزگای موغڵای تورکیا، گەنجێک لە کاتی رۆیشتن لەسەر شەقام، جەڵتەی دڵ لێیدەدات و دەکەوێتە سەر زەوی. لەو کاتەدا کەسێک کە بەو شوێنەدا تێدەپەڕێ، لەبری هاوکاریکردن، گیرفانی ئەو هاووڵاتییە گەڕا و هەرچی پارەی پێی بوو بردی.
ئەو رووداوە رۆژی 20-7-2026 لە ناوچەی فەتحییەی سەر بە پارێزگای موغڵا روویداوە، بەڵام ئێستا دیمەنەکەی کە لە کامێراکانی چاودێرییەوە وەرگیراون، بڵاوکراونەتەوە.
گەنجەکە لە کۆڵانێکی چۆڵدا کە چەند کافتریایەکی لێیە، هاوسەنگی لەدەستدەدات و بەدەمدا دەکەوێتە سەر زەوی. لەو کاتەدا کەسێک بەو شوێنەدا تێدەپەڕێت و لە گەنجەکە نزیک دەبێتەوە. لەبری ئەوەی پەیوەندی بە فریاکەوتنەوە بکات، گیرفانەکانی دەگەڕێ و شەش هەزار لیرەی تورکی کە دەکاتە نزیکەی 130 دۆلار، دەردەهێنێت و دەیخاتە گیرفانی خۆیەوە.
ئەو کەسە دوای بردنی پارەی نێو گیرفانی گەنجەکە هەڵدەستێتەوە سەر پێ. لەوکاتەدا گەنجەکە لەسەر زەوی بێهۆش کەوتووە و لە ململانێی ژیان و مردندایە. دزەکە بەو شێوەیە جێیدەهێڵێت و بێ باکانە بەسەر سەرییەوە دەوەستێت.
ئەو دیمەنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە خێرایی بڵاوبووەوە و کاردانەوەی خەڵکی تورکیا و باکووری کوردستانی لێکەوتووەتەوە.
هاووڵاتیان داوا دەکەن ئەو دزە کە سوودی لە بێدەسەڵاتی و گرفتی تەندروستیی کەسێک وەرگرتووە، بە زووترین کات بدۆزرێتەوەو رادەستی دادگە بکرێ.
ئەو گەنجەی جەڵتە لێیداوە دوای ئەوەی دزییەکەی لێکرا، بە ئەمبوڵانس گواسترایەوە نەخۆشخانە و خرایە ژێر چاودێریی پزیشکەوە. ئێستا دۆخی تەندروستیی باشە.



