رووداو - دیجیتاڵ
پاسێکی گەشتیاری لە رێگەی سەرەکیی کوتاهیا - ئافیۆنکاراهیساری تورکیا کۆنترۆڵی لەدەستدا و وەرگەڕا؛ بەهۆیەوە 31 کەس بریندار بوون.
پاسە گەشتیارییەکە لە ئیستەنبووڵەوە بەرەو پارێزگای ئایدنی تورکیا بەڕێکەوتبوو و رێگەی سەرەکیی کوتاهیا - ئەفیۆنکاراهیسار، بەهۆی ئەوەی شۆفێرەکە کۆنترۆڵی لێخوڕینی لەدەستدا، وەرگەڕا.
دوای ئاگادارکردنەوەی ناوەندی فریاکەوتنی 112 ، تیمەکانی سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاو لە تورکیا (ئافاد) ، ئاگرکوژێنەوە، تەندروستی، پۆلیس و جەندرمە رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
تیمەکان هەوڵی رزگارکردنی سەرنشینانی نێو پاسەکە و چارەسەرکردنی بریندارەکانیان دا.
بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، لە رووداوەکەدا 31 کەس بریندار بوون. بریندارەکان دوای فریاگوزاریی سەرەتایی، بە ئەمبوڵانس گواسترانەوە بۆ چەند نەخۆشخانەیەکی جیاوازی دەوروبەر و خرانە ژێر چارەسەری پزیشکی. هەروەها لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە دەستیپێکردووە.
بەگوێرەی راپۆرتی سەرۆکایەتیی هاتوچۆ لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش، لە ساڵی 2025'دا لە تورکیا و باکووری کوردستان ملیۆنێک و 549 هەزار و 574 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە. لەو رووداوانەدا 6 هەزار و 35 کەس گیانیان لەدەستداوە و 403 هەزار و 937 کەسیش بریندار بوون.



