ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا گوتارێکی پێشکێشکرد و ئاڵنگارییەکی نوێی خستە بەردەم کەمال کڵچدارئۆغڵو کە ئێستا بەگوێرەی بڕیاری دادگە سەرۆکی پارتەکەیە و گوتی: وەرە با پێشبڕکێ بکەین، هەرکەسێک دۆڕا، با دەست لە جەهەپە هەڵبگرێت. "ئەگەر من کەمتر لە 90٪ی دەنگەکانم هێنا، واز لە سیاسەت دەهێنم." کۆبوونەوەی فراکسیۆنی جەهەپە کە ئەمڕۆ سێشەممە 14-7-2026 لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو، ئۆزگور ئۆزەل تێیدا گوتاری پێشکێشکرد و وەڵامی بەشێک لەو دەنگۆیانەی دایەوە کە لە تورکیا لەبارەی جەهەپە بڵاوکراونەتەوە. ئۆزەل بە گرنگییەوە باسی یەکلاییکردنەوەی ئەم کێشمەکێشەی جەهەپەی کرد؛ رووی دەمی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو کرد و گوتی: "بە روونی دەڵێم؛ با لەگەڵ دوو ملیۆن ئەنداممان، هەردووکمان بکەوینە کێبڕکێی سەرۆکایەتی. هەرکەسێکمان دۆڕا، با واز لە جەهەپە و سیاسەتیش بهێنێت. بەڕێز کڵچدارئۆغڵو، تۆ بانگەواز دەکەیت، منیش بانگەواز دەکەم؛ وەرە با پێشبڕکێ بکەین، ئەگەر کەمتر لە 90٪ی دەنگەکانم هێنا، واز لە سیاسەت دەهێنم. لەبەردەم ئەم خەڵکەدا، بانگەوازە مێژووییەکەم دەکەم: ئەگەر کەمتر لە 90٪ی دەنگەکان بهێنم، سیاسەت جێدەهێڵم." "کڵچدارئۆغڵو دەیەوێ بە بڕیاری دادگە و دەنگی 500 کەس جەهەپە بەڕێوەببات" لەکاتێکدا باس و خواسی دامەزراندنی پارتێکی نوێ گەرمە، ئۆزگور ئۆزەل گوتی: "خەڵک دەیەوێ هیوا لە پارتێکی نوێدا بدۆزێتەوە." لەکاتێکدا لایەنگرانیشی نکۆڵیی لە دامەزراندنی پارتێکی نوێ ناکەن، ئۆزگور ئۆزەل گوتی: "کەس ئارەزووی لە پارتی نوێ نییە، بەڵام ئەو خانەنشینەی کە تۆ لێی هیوابڕاو بوویت، پرسیاری پارتی نوێ دەکات! ئەو پیرەژنەی بە دەستە قڵیشاوەکانی گێلاس دەچنێت و ئەو گەنجەی دەڵێت ئیدی ناتوانم لەم وڵاتەدا بژیم، پرسیار لەسەر ئەمە دەکەن. تۆ بەبێ هەڵبژاردن دێیت و بە بڕیاری دادگەی ئاکپارتی دادەمەزرێیت و دەتەوێت بەو ئەندامانەی کە 500 کەسیان دەنگیان پێ داویت، پارتەکە بەڕێوە ببەیت. ئەمە وایکردووە خەڵک لە پارتێکی نوێ بەدوای هیوادا دەگەڕێت!" ئۆزەل ئاماژەی بەوە کرد کە هەنگاو بە هەنگاو بەناو 21 شاردا گەڕاون و رۆژی هەینی دەگەنە 22مین شار کە (کرککالێ)یە. بۆچی کورد لە کڵچدارئۆغڵو تووڕەیە؟ هەر لە سەرەتای تەنگژەی جەهەپەوە، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) هیچ دەستوەردان و لایەنگرییەکی نیشان نەداوە. ئەوە نەبێت لەگەڵ گەڕانەوەی کەمال کڵچدارئۆغڵو بۆ سەرۆکایەتیی جەهەپە بە بڕیارێکی دادگە، دووبارە پرسیاری ئەوەی ئاراستە کرا کە بۆچی دەنگی (بەڵێ)ی بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیی سەر سەڵاحەدین دەمیرتاش دا؟ کەمال کڵچدارئۆغڵو، رۆژی 19-06-2026، لە کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیدا پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا پەشیمانە لەوەی ساڵی 2016 دەنگی بەڵێی بە لادانی پارێزبەندی لەسەر دەمیرتاش و هاوڕێکانی دا؟ لە وەڵامدا گوتی، "نەخێر پەشیمان نیم. ئەوکاتە تۆمەتی تیرۆر درابووە پاڵ کاک دەمیرتاش. بەڵێ دەنگی بەڵێمان دا بۆ ئەوەی پارێزبەندیی لەسەر هەڵبگیرێت. پەشیمان نیم." ئەگەرچی ئێستا کەمال کڵچدارئۆغڵو رەتی دەکاتەوە، بەڵام ئەوکاتە لە میدیای تورکیادا بڵاوکرایەوە کە داواکاریی پێشکێشکردووە بۆ ئەوەی چاوی بە سەلاحەدین دەمیرتاش بکەوێت. لەکاتێکدا راستەوخۆ دەمیرتاش رەتیکردەوە چاوی بە کڵچدارئۆغڵو بکەوێت. رۆژی 23-6-2026 موسلوم ساری، گوتەبێژی جەهەپە (باڵی کڵچدارئۆغڵو) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رەتیکردەوە دەمیرتاش بڕیارێکی وەهای دابێت و گوتی،"دەوروبەری دەمیرتاش کێن؟ سەرچاوەکەی چییە؟ ئێمەش هەواڵەکەمان بیست، بەڵام ئەگەر سەرچاوە بدرێت لەوانەیە باشتر هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین. بەڕێز کەمال کڵچدارئۆغڵو پلانی وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی دەمیرتاش بکات، بەڵام ئێستا هیچ هەوڵێک یان داواکارییەکمان لەوبارەیەوە ئاراستە نەکردووە." کڵچدارئۆغڵو: داوای دیداری دەمیرتاشم نەکردووە ئەگەرچی ئەوکات گوتەبیژەکەی دووپاتی داواکارییەکی وەهای کردەوە، بەڵام شەوی رابردوو 13-7-2026 کڵچدارئۆغڵو لە بەرنامەیەکی تەلەفیزۆنیدا رەتیکردەوە داواکارییەکی لەوجۆرەی هەبووبێت و گوتی:"من داوام نەکردووە دەمیرتاش لە زیندان ببینم." کڵچدارئۆغڵو جارێکی دیکەش لەبارەی پارێزبەندیی سەر دەمیرتاش قسەیکرد و گوتی:"لادانی پارێزبەندییەکان کارێکی دروست بوو، بەڵام دەستگیرکردنی هەڵەیە". ساکک بۆ رووداو: دەمیرتاش داواکاریی کڵچدارئۆغڵوی بۆ دیدار رەتکردەوە سرری ساکک، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەمیرتاش ئەو چاوپێکەوتنەی رەتکردەوە. منیش لە پەرلەمان قسەم لەسەر داواکارییەکەی کڵچدارئۆغڵو کرد. بەڕاستی نازانم کڵچدارئۆغڵو کە بە چ رووێکەوە دەچێتە لای سەڵاحەدین دەمیرتاش؟" سرری ساکک هەروەها زۆر بە تووندی رەخنەی لە کڵچدارئۆغڵو گرت و ئەوەی بەبیرهێنایەوە کە رێژەیەکی بەرزی کورد لە دوایین هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و شارەوانیدا دەنگی بە بەربژێرانی جەهەپە دا کە یەکێکیان کەمال کڵچدارئۆغڵو خۆی بوو. تەنگژەی جەهەپە رۆژی 21-5-2026 دادگەی ئەنقەرە لە بڕیارێکدا 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی بە "پووچەڵ و ناکاریگەر" هەژمار کرد. بەمەش هەڵوەشاندنەوەی رەهای بۆ تەواوی کۆنگرەکە دەرکرد و ئۆزگور ئۆزەل لە سەرۆکایەتیی پارتەکەی کەوت. کەمال کڵچدارئۆغڵو کە سەرۆکی پێشووی پارتەکەیە و لە کۆنگرەکەدا شکستی هێنابوو، گەڕێندرایەوە سەر پۆستەکەی. جەهەپە رۆژی 9-9-1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک وەکو یەکەمین پارتی ئەو وڵاتە دامەزرا. هەر لەبەر ئەمەشە بە ئۆپۆزیسیۆنی دایک دەناسرێت. جەهەپە پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە، لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەر یەک بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە بە هاوپەیمانیی چەند پارتێکی دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ چوار ساڵ داخرا و بە بڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 38 کۆنگرەی ئاسایی و 22 کۆنگرەی نائاسایی کردووە.
تورکیا14-07-2026پار زیاتر لە 2 ملیۆن کەس لە نێوان پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستان دا کۆچیان کردووە