رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایدەگەیێنێت نەخشەڕێگەیەک بۆ چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ئامادەکراوە و دەڵێت: "هیوادارم پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووەوە، تورکیا لە بابەتی تیرۆر هەناسەیەکی ئاسوودە هەڵبکێشێت."
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە کاتی بەشداریکردنی لە "رێوڕەسمی یادکردنەوەی حەزرەتی نوح" لەسەر چیای جودی لە پارێزگای شرنەخ، لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (TRT) چەند زانیارییەکی نوێی دەربارەی هەنگاوەکانی پڕۆسەی چارەسەری و چەکدانانی پەکەکە خستەڕوو.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو نەخشەڕێگەیەی بۆ ئەم قۆناخە داڕێژراوە، هەڵوەشاندنەوەی رێکخستن، چەکدانان و دەرکردنی یاسایەک بۆ گەڕانەوەی چەکداران لەخۆدەگرێت. کورتوڵموش گوتی: "بە بڕوای من 80٪ـی ئەو بابەتانەی ساڵی رابردوو باسمان دەکردن، ئێستا جێبەجێ کراون و لەدوای خۆمان جێهێشتوون."
کورتوڵموش جەختی لەوە کردەوە کە ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز بۆ کۆتاییهێنان بە چەکداری هەیە و گوتی: "ئیرادەی سیاسەت بۆ چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی رێکخستن تەواوە. ئاسان نییە پارتەکان لە کۆمیسیۆنێکی وەهادا کۆببنەوە، ئەمە بڕیارێکی سیاسیی گەورەیە."
سەبارەت بەو پڕۆژەیاسایەی باس دەکرێت، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا روونیکردەوە کە ئەمە "لێبووردنی گشتی" نییە، بەڵکو یاسایەکی کاتی و تایبەت دەبێت.
کورتوڵموش گوتی: "ئەم یاسایە تەنیا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەبێت و ئەو ئەندامانە دەگرێتەوە کە چەک دادەنێن و وازهێنانی خۆیان رادەگەیێنن. هەرگیز بە واتای لێبووردنی گشتی نایەت."
نوعمان کورتوڵموش ئاماژەی بە کۆبوونەوەیەکی "کۆمیسیۆنی چارەسەری" کرد کە تێیدا دایکانی شەهیدان و دایکانی ئەندامانی پەکەکە پێکەوە دانیشتبوون و گوتی: "هەردوولا یەک پەیامیان هەبوو، دەیانگوت ئیدی دەمانەوێت چەکەکان بنێژین نەک رۆڵەکانمان. پێویستە تورکیایەک بنیات بنێین تەنیا زمانی ئاشتی تێدا بێت."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گۆڕانکارییەکانی باکووری کوردستانی بە نموونە هێنایەوە، بەتایبەت چیای گابار و جودی. کورتوڵموش گوتی: "ئەو چیایانەی جاران بە هەواڵی شەڕ و تەقینەوە دەناسرانەوە، ئەمڕۆ لە گابار رۆژانە 80 هەزار بەرمیل نەوتیان لێ دەردەهێندرێت.
سەرۆکی پەرلەمان گوتی: "لێرەین، 5 کیلۆمەتر ئەولاترمان سنووری عێراقە، خاکی عێراقە. کەمێک بچۆ خوارەوە، خاکی سووریایە. واتە جیاکردنەوەی ئەم خاکانە لە یەکتر ئەستەمە. خەڵکی ئێرە خزم و دراوسێی یەکترن. کاتێک ئەوان (پەکەکە) لێرە ناهێڵین، بە یارمەتیی خودا، خەڵک لەم خاکە فراوانەدا بە ئاشتی و ئارامی دەژین."
کورتوڵموش داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکان کرد ئاگاداری ئەو زمانە بن کە بەکاریدەهێنن و گوتی: "نابێت گوتار و کردەوەیەک هەبێت کە کەشی برایەتی تێکبدات، هیوادارم پێش پشووی پەرلەمان، تورکیا لەم دۆسیەیەدا هەناسەیەکی ئاسوودە هەڵبکێشێت."



