رووداو دیجتاڵ
چاوەڕوان دەکرێ سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەنقەرە بەمەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی ناتۆ، یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی تورکیا دەیان بزوێنەری فڕۆکەی جەنگی بەدەستبهێنێت، بەڵام کێشەی فڕۆکەی F-35 چارەسەر ناکات کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی ئاڵۆز کردووە.
بڕیارە رۆژانی 7 و 8ـی تەممووز، لووتکەی ناتۆ بە میوانداریی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بە بەشداریی سەرکردەی 32 وڵاتی ئەندام بەڕێوەبچێ. مانگی رابردوو کاتێک پرسیار لە ترەمپ کرا سەبارەت بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ کڕینی بزوێنەری فڕۆکەی F110 و گەڕانەوەی بۆ نێو پرۆگرامی فڕۆکەی F-35 ، بەڵێنی دا کە ئەردۆغان "زۆر دڵخۆش" بکات.

ئەو شرۆڤەکارانەی لەم راپۆرتەدا قسەیان وەرگیراوە پێیان وایە ترەمپ دەیەوێ گڵۆپی سەوز هەڵبکات بۆ پێدانی ئەو بزوێنەرانەی تورکیا دەیەوێ لە پرۆژەی فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکەی خۆی بەناوی (KAAN) بەکاریان بهێنێت.

سنان ئولگەن، بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی (ئەدام) لە ئیستەنبووڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "پێدەچێت گڵۆپی سەوز بۆ پێدانی نزیکەی 40 بزوێنەری F110 GE بۆ فڕۆکەی کان هەڵبکرێ. پێشتر بەربەست لەبەردەم ئەو کڕینەدا هەبوو و رەنگە ئێستا ئەو بەربەستانە لاببرێن."
فڕۆکەی (کان)، فڕۆکەیەکی جەنگیی دژەڕاداری دوو بزوێنەرە کە لەلایەن کۆمپانیای پیشەسازیی ئاسمانیی تورکیا (TAI) پەرەی پێدەدرێ بۆ ئەوەی جێگەی فڕۆکە کۆنەکانی (F-16) بگرێتەوە، چونکە ئەنقەرە دەیەوێ بچێتە نێو یانەی ئەو وڵاتە کەمە جیهانییانەی کە فڕۆکەی جەنگیی نەوەی پێنجەم بەرهەم دەهێنن (وەک ئەمریکا، چین و رووسیا).
یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا پێشتر رایگەیاندبوو دواجار فڕۆکەکە بە بزوێنەری ناوخۆیی کاردەکات، بەڵام دروستکردنی بزوێنەرە ناوخۆییەکە هێشتا لە قۆناخی سەرەتاییدایە و پێویستی بە بزوێنەرەکانی ئەمریکایە، کە ئێستا لەسەر کڕینی 80 بزوێنەری دیکە لەگەڵ واشنتن لە گفتوگۆ و دانوستاندنـدان.
سیستمە بەرگرییە ناوخۆییەکان
هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە کە کڕینی ئەو بزوێنەرانە بەهۆی کڕینی سیستمی مووشەکیی (S-400)ـی رووسی لەلایەن تورکیاوە لە ساڵی 2017 راگیراوە. واشنتن بەهۆی ئەو هەنگاوەی تورکیاوە تووڕە بوو، لە ساڵی 2019 ئەنقەرەی لە پرۆگرامی فڕۆکەی F-35 دەرکرد و ساڵێک دواتریش سزای کاتسا - CAATSAـی بەسەردا سەپاند، کە زیانی بە پرۆژە بەرگرییەکانی تورکیا گەیاند.
فیدان دەڵێت: "دەبێت پرسی سزاکانی کاتسا چارەسەر بکرێ. پێویستە ئەمریکا هەنگاو بنێت، چ بۆ پرسی F-35 و چ بۆ بزوێنەرەکانی فڕۆکەی کان کە ئێستا لە کۆنگرێسی ئەمریکا چاوەڕێی رەزامەندین."
لای خۆیەوە ئۆزگور ئونلوهیسارچکڵی، سەرۆکی پڕۆژەی مارشاڵی ئەڵمانی لە ئەنقەرە دەڵێ: "هەندێک پێیان وایە نابێت F-35 بکڕین و دەبێت ئەو پارەیە لە فڕۆکەی کان خەرج بکەین، ئەمەش رێک ئەوەیە کە لەگەڵ بڕیارەکەی ترەمپ بۆ پێدانی بزوێنەرەکان روودەدات، چونکە بەبێ ئەو بزوێنەرانە، تورکیا ناتوانێت فڕۆکەی کان بەرهەم بهێنێت."

چەقبەستوویی پرسی F-35 بەردەوامە
هەرچەندە رادەستکردنی فڕۆکەی کان چەندین ساڵی ماوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا ئیندۆنیزیا گرێبەستێکی بە گوژمەی 10 ملیار دۆلار بۆ کڕینی 48 فڕۆکە واژۆ کردووە. سنان ئولگەن دەڵێ، بەهۆی شکستهێنانی پرۆژەی هاوبەشی فڕۆکەی جەنگیی نێوان فەرەنسا و ئەڵمانیا (FCAS)، رەنگە لە لووتکەی ناتۆدا وڵاتانی وەک ئیسپانیا و وڵاتانی کەنداویش حەز بە بەشداریکردن لە پرۆژەی کان بکەن.
شارەزایان پێشبینی ناکەن پێشکەوتنی ئەوتۆ لە پرسی F-35 ـدا رووبدات، چونکە بۆ ئەوەی کۆنگرێس سزاکان هەڵبگرێ، دەبێت تورکیا دەستبەرداری سیستمی S-400ـی رووسی بێت. فرۆشتنی ئەو سیستمەش بە وڵاتێکی سێیەم پێویستی بە رەزامەندیی مۆسکۆیە و گەڕاندنەوەشی بۆ رووسیا لە ئارادا نییە.

پرۆفیسۆر موستەفا ئایدن لە زانکۆی کادیر هاس دەڵێت: "رەنگە ئیدارەی ئەمریکا بیەوێ ئەم کێشەیە تێپەڕێنێت و فڕۆکەی F-35 بفرۆشێتە تورکیا، بەڵام بابەتەکە دەچێتە کۆنگرێس و گۆڕینی بڕیاری کۆنگرێسیش ئاسان نابێت."
بەڵام ماتیۆ برایزا، باڵیۆزی خانەنشینکراو و بەرپرسی پێشووی کۆشکی سپی دەڵێ، ترەمپ دەتوانێت پرسی F-35 چارەسەر بکات، چونکە بڕیارێکی سەرۆکایەتییە و بە ئاسانی دەتوانێت هەڵیووەشێنێتەوە، بەڵام هەڵگرتنی سزاکانی کاتسا پێویستی بە کاری کۆنگرێس هەیە.
برایزا گوتی: "ئەمە بەندە بەوەی ترەمپ ئامادەیە چەندە سەرمایەی سیاسیی خۆی بۆ ئەو مەبەستە خەرج بکات، کە رەنگە پێش هەڵبژاردنەکانی نێوەڕاستی خول، بەهۆی دژایەتیی رەوەندی یۆنانی و ئەرمەنی لە ئەمریکا، باجێکی سیاسیی قورسی بۆ ترەمپ هەبێت."


.jpg&w=3840&q=75)
