رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی لێزمەباران چەندین ناوچەی هەردوو دیوی ئاسیا و ئەورووپای ئیستەنبووڵی گرتەوە. لە هەندێک ناوچە لافاو هەستا، ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبوو.
دوای هۆشدارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە، 4ـی تەممووزی 2026، شەپۆلێکی بەهێزی لێزمەباران بەشێکی زۆری ئیستەنبووڵی گرتەوە و بەهۆیەوە ئاو لە زۆر ناوچە گردبووەوە و لافاو لە چەند ناوچەیەک هەستا.
لە بەشی ئەورووپا، بارانبارینەکە بەتایبەتی لە ناوچەکانی بێشکتاش، شیشلی، فاتیح، باکرکۆی، سوڵتانگازی و کاغیتهانە کاریگەریی زۆری هەبوو. لە ئەنجامدا، لافاو هەستا و چەندین ژێرزەمینی یەکە نیشتەجێبووەکان و شوێنە بازرگانییەکانی دیکە پڕبوون لە ئاو.
هەردوو ناوچەی شیشلی و زینجیرلیکویو، بەهۆی لافاوەکانەوە، تەواوی ژێرزەمینەکان، پێشانگەی ئۆتۆمبێل و ژمارەیەکی زۆری شوێنکار و ئۆتۆمبێل ژێرئاوکەوتن. شۆفێرەکان بەهۆی سەرڕێژبوونی ئاوەڕۆکانەوە بە سەختی هاتووچۆیان دەکرد.
لە گۆڕەپانی مەجیدیەکۆی، ئۆتۆمبێلەکان ناچاربوون بەنێو ئاوێکدا بڕۆن کە تاوەکو بۆنیتی دەگرتەوە. لە ناوچەی فاتیح، بەشێک لە بازاڕی داخراو (کاپاڵی چارشی) کەوتە ژێر کاریگەریی لافاوەکە و دوکاندارەکان هەوڵیان دەدا رێگری لە چوونەژوورەوەی ئاوەکە بکەن بۆ دوکانەکانیان.
لە بەشی ئاسیای شارەکەش، ناوچەکانی ئومرانیە، چەکمەکۆی، کادیکۆی، بەیکۆز و ئوسکودار لێزمەباران کاریگەری لە دیوی ئەورووپای شارەکە کەمتر بوو.

.jpg&w=3840&q=75)

