رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی وەرگەڕانی پاسێکی گەشتیاری لە رێگەی سەرەکیی ئەنقەرە-نیغدە لە سنووری پارێزگای ئاکسارای تورکیا، 44 کەس بریندار بوون.
رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 3ی تەممووزی 2026 کاژێر 16:15 لە ناوچەی (باباقۆناخی)ی لە پارێزگای ئاکسارای روویدا.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، پاسەکە کە لە ئیستەنبووڵەوە بەڕێکەوتبوو و بەرەو هەرێمی کوردستان دەچوو، بەهۆی ئەوەی شۆفێرەکەی کۆنترۆڵی لەدەستداوە، پاسەکە لە رێڕەوی خۆی لایداوە و وەرگەڕاوە.
دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتنی تەندرووستی، ئاگرکوژێنەوە و جەندەرمە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.
پارێزگاری ئاکسارای لە راگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە رووداوەکە لە رێگەی خێرای ئەنقەرە-نیغدە روویداوە. 41 سەرنشین، شوفێرەکە و 2 کارمەندی پاسەکە بریندار بوون، کە برینی هەندێکیان سەختە.
تائێستا دیار نییە کە لەنێو بریندارەکاندا هاووڵاتی عێراقی یان خەڵکی باشووری کوردستان هەن یان نا.




