رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێ، لێکتێگەیشتن و کۆدەنگییەک لەنێو پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیادا لەبارەی پرۆژەیاسای پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد هەیە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە کەی ئەو پرۆژە یاسایە دەگاتە پەرلەمان.
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای سەرەکیی پارتەکەی لە ئەنقەرە بڕیارەکانی کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبردنی دەم پارتی و دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە پڕۆسەی چارەسەری بۆ رای گشتی ئاشکرا کرد.
دۆغان رایگەیاند، ئەوان وەک دەم پارتی بەرپرسیارێتیی مێژووییان لەئەستۆ گرتووە، ئەوەش لەپێناو سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە، خێراکردنی هەنگاوەکان، بێدەنگکردنی هەمیشەیی چەکەکان و رەخساندنی زەوینەیەکی دیموکراسی بۆ بواری سیاسی.
دۆغان داوای کرد کە پڕۆسەکە بە یاسا گەرەنتی بکرێ و گوتی: "نەبوونی نەخشەڕێگەیەکی دامەزراوەیی کە لە رووی یاساییەوە پارێزراو بێت، دەبێتەهۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر پرۆسەکە."
گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان بە بایەخەوە دەڕواننە لێدوانەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد و رایگەیاند: "لێکتێگەیشتن و کۆدەنگییەک لەبارەی یاسای پرۆسەکە هاتووەتە ئاراوە. ئەم لێکتێگەیشتنە زیاتر پەیوەندی بە کاتی هێنانەپێشەوەی پڕۆژەیاساکەوە هەیە، بەڵام هێشتا زانیارییەکی وردمان لەبەر دەست نییە لەسەر کاتی جێبەجێکردنی."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری گۆڕینی ناوی پارتەکەیان، ئایشەگوڵ دۆغان گوتی، دەم پارتی خۆی بۆ بەستنی کۆنگرەی گەورەی خۆی ئامادە دەکات و لەو قۆناخەیشدا ئامادەن گفتوگۆ لەسەر هەموو بژاردەکان بکەن. دۆغان گوتی: "ئێستا ناتوانم بڵێم بەڵێ ناوی پارتەکە دەگۆڕدرێ یان ناگۆڕدرێ. ئێمە لە کۆنفرانسەکانماندا تاوتوێی سەرجەم بابەتەکان دەکەین و پرسی گۆڕینی ناویش هاوشانی چەندین پرسی دیکە یەکلا دەبێتەوە."
چاوەڕوان دەکرێ پڕۆژەیاساکە پێش دەستپێکردنی پشووی هاوینەی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێ و زەوینەی یاسایی بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی گەریلاکانی پەکەکە دوای چەکدانان و خۆرادەستکردنەوەیان دیاری بکات.




