رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، دەست بە دابەشکردنی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی مانگی تەممووز بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن خێزان کرا، کە زیاتر لە 439 ملیار دینارە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتەکە، پارەی چاودێری کۆمەڵایەتی رەوانەی بانکەکان کراوە. ئەحمەد مووسەوی، سەرۆکی دەستەی چاودێری کۆمەڵایەتی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە پرۆسەکە بەپێی رێکارەکان دەستیپێکردووە و دابەشکراوە بەسەر دوو گرووپدا.
سەرۆکی دەستەی چاودێری کۆمەڵایەتی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە ملیۆنێک و 486 هەزار خێزان کە پیاو سەرپەرشتییان دەکات، بڕی زیاتر لە 354 ملیار دیناریان بۆ تەرخانکراوە.
هەروەها زیاتر لە 564 هەزار خێزان کە لەلایەن ژنانەوە سەرپەرشتی دەکرێن، بڕی زیاتر لە 84 ملیار دینار وەک هاوکاریی مانگانە وەردەگرن.
واتە کۆی گشتی سوودمەندبووانی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی عێراق دەگاتە 2 ملیۆن و 50 هەزار کەس، پێشتر 2 ملیۆن و 124 هەزار خێزان مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان وەردەگرت.
پێشتر حەسەن خوام، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاندبوو: "لە عێراق مووچەی زیاتر لە 380 هەزار کەس بڕدراوە کە بە نایاسایی لە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی سوودمەند بوون."
سەرۆکی دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی داوای لەو خێزانانە کرد کە ناویان لە لیستەکەدا هەیە، سەردانی بنکەکانی وەرگرتنی پارە بکەن و جەختیشی کردەوە کە ئامانج لەم هاوکارییانە رەخساندنی سەقامگیریی بژێوییە بۆ ئەو چینانەی کە زۆرترین پێویستییان بە هاوکاری هەیە.
بەپێی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2024ی چاودێریی کۆمەڵایەتی، ئەم توێژانە دەتوانن مووچە وەربگرن بە مەرجێک لەژێر هێڵی هەژاریدا بن: (کەسی بێکار، ژنی جیابووەوە، هاوژینی کەسی زیندانیکراو، کچێک تەمەنی سەروو 35 ساڵ بێت، منداڵی بێسەرپەرشت، ئەو ژنانەی لەلایەن هاوژینەکانیانەوە جێهێڵدراون و خاوەن پێداویستیی تایبەت).



.png&w=3840&q=75)