رووداو دیجیتاڵ
دادگایەکی تورکیا، لە بڕیارێکدا، پشتی بە راپۆرتێکی شارەزایانی بەست کە بە یارمەتیی ژیریی دەستکرد ئامادەکرابوو و داوایەکی قەرەبووکردنەوەی بە بڕی 4 هەزار یۆرۆ رەتکردەوە.
بەپێی میدیاکانی تورکیا، لە مانگی ئابی 2023 لە ئیستەنبووڵ، ماتۆڕسوارێک بە ماتۆرسکیلەکەی لە پشتەوە لە ئۆتۆمبێلێکی گرانبەهای گەشتیارێکی بیانی دا و لە شوێنی رووداوەکە هەڵات.
خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە، دوای ئەوەی لە وڵاتی خۆی راپۆرتێکی ئامادە کرد، کە تێیدا زیانەکانی ئۆتۆمبێلەکەی بە 4 هەزار و 116 یۆرۆ دانابوو، داوایەکی یاسایی بۆ وەرگرتنەوەی قەرەبووی دابەزینی بەهای ئۆتۆمبێلەکەی و ئەو ماوەیەی کە لێی بێبەش بووە، تۆمار کرد.
دادگا دۆسیەکەی بۆ دیاریکردنی رادەی کەمتەرخەمی و زیانەکان رەوانەی لیژنەیەکی شارەزا کرد. شارەزاکان لە راپۆرتەکەدا رایگەیاند شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە 100٪ کەمتەرخەم بووە، بەڵام بۆ دیاریکردنی زیانەکان، پشتی بە ژیریی دەستکرد بەستبوو.
شارەزاکە وێنەکانی کاتی رووداوەکە و بەشە زیانلێکەوتووەکەی ئۆتۆمبێلەکەی دابووە ژیریی دەستکرد بۆ شیکردنەوە. لە راپۆرتەکەدا هاتبوو کە لە بەشی دواوەی ئۆتۆمبێلەکەدا هیچ زیانێکی بەرچاو دیاری نەکراوە و ژیریی دەستکردەکەش هیچ زیانێکی نەدۆزیوەتەوە.
دەستەی دادوەران رایگەیاند، راپۆرتەکە بۆ دەرکردنی بڕیار بەسە و پشتی پێدەبەستێت. دادگا بڕیاری دا، هەرچەندە لایەنی داوالێکراو کەمتەرخەمە، بەڵام هیچ زیانێکی بەرجەستە بە ئۆتۆمبێلەکە نەکەوتووە و بۆیە داواکەی رەتکردەوە.
بەم بڕیارە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی یاسای تورکیادا، ژیریی دەستکرد وەک ئامرازێکی یارمەتیدەر بۆ شارەزایان بەکارهێنرا و بووە بنەمایەک بۆ دەرکردنی بڕیاری دادگا.
.png&w=3840&q=75)


