رووداو دیجیتاڵ پردی فاتیح سوڵتان محەممەد لە ئیستەنبووڵ کە رۆژانە خزمەتگوزاری بە نزیکەی 240 هەزار ئۆتۆمبێل پێشکەش دەکات و بۆ ماوەی 38 ساڵە هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەورووپا بە یەکەوە دەبەستێتەوە، لە رۆژی کردنەوەیەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 2.3 ملیار ئۆتۆمبێل هاتووچۆی بەسەر دا کردووە. ئەم پردە کە دووەم پردی سەر تەنگەی ئیستەنبووڵە و بە "دووەم ملوانکەی تەنگەی ئیستەنبووڵ" دەناسرێت، لە 3ـی تەممووزی 1988دا کراوەتەوە. عەبدولقادر ئوراڵۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، بە بۆنەی ساڵیادی کردنەوەی پردەکەوە رایگەیاند: "ئەم پردە رۆژانە پێشوازی لە 240 هەزار ئۆتۆمبێل دەکات و لە رۆژی کردنەوەیەوە تاوەکو ئێستا 2 ملیار و 288 ملیۆن ئۆتۆمبێل لێیەوە پەڕیونەتەوە." ئوراڵۆغڵو ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەوەی پردی فاتیح سوڵتان محەممەد و پردی شەهیدانی 15ـی تەممووز نەیانتوانی بە تەواوی پێداویستیی ترافیکی شاری ئیستەنبووڵ پڕ بکەنەوە، حکومەت ناچار بوو هێڵە جێگرەوەکانی وەک پردی یاووز سوڵتان سەلیم و تونێلی ئەوراسیا بخاتە خزمەت هاووڵاتییانەوە، کە ئەمەش بووە هۆی کەمکردنەوەی تێچووی سووتەمەنی و پاراستنی ژینگە لە گازە زیانبەخشەکان. شاری ئیستەنبووڵ ژمارەی دانیشتووانەکەی گەیشتووەتە 15 ملیۆن و 754 هەزار کەس (رێژەی 18.3%ـی گشتیی تورکیا)، بۆیە رووبەڕووی قەیرانی ترافیکی سەخت بووەتەوە. هۆکاری سەرەکیی بونیادنانی پردی دووەم لەسەر تەنگەی ئیستەنبووڵ لە ساڵی 1985 و تەواوکردنی پێش وادەی دیاریکراوی خۆی لە ساڵی 1988 دا، بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی ترافیک بوو لەسەر پردی یەکەم (کە بە پردی شەهیدانی 15ـی تەممووز ناسراوە). درێژیی پردی فاتیح سوڵتان محەممەد 1510 مەترە و نزیکەی 1090 مەتر دەکەوێتە سەر ئاوی تەنگەی ئیستەنبووڵ. پانیی پردەکە 39.4 مەترە و 64 مەتر لەسەر ئاستی دەریاوە بەرزە. بەرزیی تاوەرەکانی دەگاتە 105 مەتر. تەنگەی ئیستەنبووڵ، جگە لەو پردە، خاوەن دوو پردی دیکەی ستراتیژییە کە بەشی ئاسیا و ئەورووپای شارەکە بە یەکەوە دەبەستێتەوە. پردی شەهیدانی 15ـی تەممووز (پردی یەکەم): لە ساڵی 1973 کراوەتەوە و درێژییەکەی 1,560 مەترە، بەرزییەکەی لە ئاستی دەریاوە 64 مەترە و نێوانی دوو تاوەرەکەی 1,074 مەترە. پردی یاووز سوڵتان سەلیم (پردی سێیەم): لە ساڵی 2016 دروست کراوە و درێژییەکەی 2,164 مەترە، نێوانی دوو تاوەرەکەی 1,408 مەترە و بەرزیی تاوەرەکانی 322 مەترە. 59 مەتر پانە، ئەمەش وای کردووە ببێتە پانترین پردی هەڵواسراو لە جیهان دا.