رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئهنجوومهنی كارگێڕیی کۆمپانیای بایکار بۆ تەکنەلۆژیای سەربازی و فڕۆکەوانی رایگەیاند، نزیکەی 15 هەزار فڕۆکەی جەنگی لە جیهان دا هەن. گوتیشی: "بە تێپەڕبوونی کات و بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە 30 ساڵ دا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان جێگەی هەموو ئەوانە دەگرنەوە. ئەمەش دەبێتە شۆڕشێکی گەورە لە فڕۆکەوانیی جەنگی دا."
رۆژی پێنجشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، سەلچوق بایراکتار، لە ئیستەنبووڵ پێشوازیی کرد لە نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و مارکۆس پێرێسترێلۆ دێ ڤاسکۆنسێلۆس، سەرۆکی کۆمەڵەی پەرلەمانتارانی ناتۆ. دواتر کۆبوونەوەیەکی کراوەی لەگەڵ شاندی پەرلەمانتارانی ناتۆ کرد. روونکردنەوەی سەبارەت بە چالاکییەکانی کۆمپانیاکە، کارەکانی لە بواری تەکنەلۆژیای بەرگری و پڕۆژە داهێنەرەکان پێشکێشکرد.
بایراکتار لە کۆبوونەوەکە دا ئاماژهی بهوه كرد، دەکرێت ئەو کارەی درۆنی كزڵئێلما (نوێترین و پێشکەوتووترین درۆنی تورکیا) ئەنجامی دەدات، بەراورد بکرێت بەو کارەی ئەو ئامێرەی 20 ساڵ لەمەوبەر کاسپارۆڤی بەزاند (کاسپارۆڤ شارهزایهكی گەورەی شەترەنجە و رەنگە بۆ گەیشتن بەم ئاستە، 40 ساڵ کاری کردبێت).
گوتیشی: "بەڵام ئامێرێک بە قەبارەی سەلاجەیەک، کاسپارۆڤی بەزاند. لەم رۆژانەدا ئیدی تەنانەت مۆبایلەکەشم دەتوانێت کاسپارۆڤ ببەزێنێت. واتە ئەو یارییە ئیدی هیچ مانایەکی نییە. لێرە دا لە ناو ئامێری فڕینەکە دا مرۆڤ نییە. دەتوانێت هەموو ئەو کارانە بکات کە فڕۆکەیەکی جەنگی دەیکات، تەنانەت زیاتریش، چونکە مرۆڤی تێدا نییە و زۆر هەرزانتریشە. ئەمە وەک یارییەکی شەترەنجی نێوان کاسپارۆڤ و ئامێرێک وایە."
بایراکتار جیاوازیی نێوان پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای فڕۆکەوانی بە ژیریی دەستکرد و پێگەیاندنی فڕۆکەوانێکی خستە روو. رایگەیاند، "بۆ ئەوەی کەسێک بکەیت بە فڕۆکەوانی جەنگی، رەنگە پێویست بێت 10 ساڵ مەشق و راهێنانی پێ بکەیت. جگە لەوەش ئەو زۆر شتی هەیە لەدەستی بدات، خێزانێکی هەیە و تێچووشی زۆرە."
سەلچوق بایراکتار، سەرۆکی ئهنجوومهنی كارگێڕیی بایکار باسی لهوه کرد، نزیکەی 15 هەزار فڕۆکەی جەنگی لە جیهان دا هەن. "بە تێپەڕبوونی کات و بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە 30 ساڵ دا فڕۆکە جەنگییە بێفڕۆکەوانەکان جێگەی هەموو ئەوانە دەگرنەوە. ئەمەش دەبێتە شۆڕشێکی گەورە لە فڕۆکەوانیی جەنگی دا."
هەر لەبارەی بەراوردکارییەکانی تەکنەلۆژیای فڕۆکەوانیی درۆن و تواناکانی مرۆڤ، سەلچوق بایراکتار رایگەیاند، "90%ـی سەرجەم فڕینەکانی فڕۆکەی جەنگی چییە؟ فڕینی مەشق و راهێنانن. واتە ئەگەر 10 فڕۆکەتان هەبێت، بە درێژایی تەمەنیان نۆ فڕۆکەیان بۆ مەشق و راهێنان بەکار دەهێنرێن. تەنیا یەک فڕۆکەتان بۆ شەڕکردن بەدەستەوە دەمێنێتەوە. لێرە دا ئەم تەکنەلۆژیایە پێویست بە مەشق و راهێنان ناکات، چونکە کۆمپیوتەرێک پێویستی بەمە نییە. تەنیا سۆفتوێرێکی پێویستە کە بۆ یەک جار گەشەی تەواوی بۆ دەکرێت و بە بەردەوامیش نوێ دەکرێتەوە."
بایراكتار باسی لهوه كرد، بە ئەگەرێکی زۆرەوە تورکیا ئەمە نیشانی جیهان دەدات و گوتی: "باشە کەی ئەمە دێتە ئاراوە؟ کاتێکی زۆری دەوێت، بەڵام کاتێک لە جەنگێک دا تواناکان دەخرێنە روو ئەوسا تواناکان دێنە دی، ههر پێویستە بێنە دی. ئێمە لەم بابەتە دا پێشەنگین، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئێمە ئەمە نیشانی جیهان دەدەین."



