رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی ناوەندی لێکۆڵینەوە و گەشەپێدانی یەکێتیی فەرمانبەرانی تورکیا کە بە (kamu-ar) دەناسرێت، حوزەیرانی 2026 هێڵی برسییەتی بۆ خێزانێکی چوار کەسی بۆ 37 هەزار و 996 لیرە (815 دۆلار) و هێڵی هەژاریش بۆ 116 هەزار و 106 لیرە (نزیکەی 340 دۆلار) بەرزبووەتەوە.
بە گوێرەی توێژینەوەکەی (kamu-ar)، لە مانگی حوزەیران دا هێڵی برسییەتی بەراورد بە مانگی پێشووتر 341 لیرە (نزیکەی 7.3 دۆلار) زیادیکردووە؛ هەروەها خەرجییە پێویستەکانی دەرەوەی خۆراک بە بڕی هەزار و 920 لیرە بەرزبوونەتەوە و گەیشتوونەتە 78 هەزار و 110 لیرە (نزیکەی 1670 دۆلار). بەمەش کۆی ئەو پارەیەی کە پێویستە بۆ ئەوەی خێزانێکی چوار کەسی بتوانێت ژیانێکی شایستە بژیت، گەیشتووەتە 116 هەزار و 106 لیرە.
کەمترین مووچە لە خوار هێڵی برسییەتییە
لە راپۆرتەکەی (ناوەندی لێکۆڵینەوەی کامو-ئاڕ)دا ئاماژە بەوە کراوە کەمترین مووچە کە لە سەرەتای ساڵدا بە 28 هەزار و 75 لیرە (نزیکەی 45 دۆلار) دیاریکرابوو، لە مانگی حوزەیراندا 9 هەزار و 921 لیرە (نزیکەی 210 دۆلار) بووە کە لە خوار هێڵی برسییەتییەوەیە.
کەمترین مووچە تەنیا دەتوانێت پێداویستیی 22 رۆژی خۆراکیی خێزانێکی چوار کەسی دابین بکات. جەختیش لەوە کراوەتەوە بۆ ئەوەی کەمترین مووچە بگاتە ئاستی هێڵی برسییەتی، پێویستە لانی کەم بە رێژەی 35.3% زیاد بکرێت.
هەروەها لە توێژینەوەکەدا سەرنج بۆ ئەوە ڕاکێشراوە، ئەگەر چوار کەس لە یەک ماڵدا کەمترین مووچەش وەربگرن، هێشتا کۆی داهاتەکەیان لە خوار هێڵی هەژارییەوە دەبێت.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە، بەهۆی بەرزیی رێژەی هەڵاوسان و گرانبوونی تێچووی ژیان، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا هێڵی برسیێتی و هەژاری زیاتر بەرز ببنەوە.



