رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئیی پارتی رەخنەی تووند لە حکومەتی تورکیا دەگرێت و دژایەتیی خۆی بۆ هەر هەنگاوێکی یاسایی لە پەرلەمانەوە بۆ بەرژەوەندیی پەکەکە نیشان دەدات، دەشڵێت، خەمی ئەوان دەستخستنی پێگەیە بۆ ئۆجەلان.
موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا کە رۆژی 1-7-2026 بەرێوەچوو، رەخنەی تووندی لە حکومەتی تورکیا گرت و رایگەیاند کە شلگیریی زۆر بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکرێت.
دەرڤیشئۆغڵو گوتی: "پەرلەمانی تورکیا دامەزراوەیەک نییە بۆ وەڵامدانەوەی چاوەڕوانییەکانی هیچ رێکخراو و پێکهاتەیەکی چەکداری، پێشتر یاسا دەربکات. ئەو ئەفەندییانە دەڵێن، ئێوە سەرەتا یاساکە دەربکەن، دواتر ئێمە سەیریکی دۆخەکە دەکەین".
لەبارەی چەکدانانی سیمبوڵیی پەکەکە کە لەسەر بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، سەرۆکی ئیی پارتی گوتی: "ئەو رێکخراوە دڕندەیە چەکی دانەناوە، خۆی هەڵنەوەشاندووەتەوە، وازی لە دژایەتیکردنی تورکیا و گەلی تورک نەهێناوە. جگە لەوە هەر من ئەمە ناڵێم، ئەوەتا ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیاش هەمان شت دەڵێت. خەمی ئەوان چارەسەری و شت نییە. خەمی ئەوان دەستخستنی پێگەیە بۆ دڕندەکەی ئیمراڵی، هەروەها خەمیان بەدەستهێنانی ئیمتیازی یاسایی و ئازادییە بۆ تیرۆرستان".
ئیی پارتی تاکە فرۆکسیۆنی پەرلەمانی تورکیایە کە دژایەتیی پرۆسەی چارەسەری دەکات و ئەندامی نییە لەو کۆمیسیۆنەی بۆ پرۆسەی چارەسەری دروستکراوە.
دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری راپۆرتێکی هاوبەشی بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرد، چاوەکان لەسەر هەنگاوی یاسایین.



.jpg&w=3840&q=75)