رووداو دیجیتاڵ گوتەبێژی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، 26 سەرۆکی لقی جەهەپە لە پارێزگاکان دوورخراونەتەوە و حەوت سەرۆک لقی دیکەش رەوانەی لیژنەی پابەندکاری کراون. ئەمە لەکاتێکدایە کڵچدارئۆغڵو شەش کەسی وەکو سەرۆک لقی جەهەپە لە پارێزگاکان دەستبەکار کردووە. کەمال کڵچدارئۆغڵو کە بە بڕیاری دادگە کرایە سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، رۆژی سێشەممە، 30-6-2026 سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبردن و بڕیاری پارتەکەی کرد و چەند بڕیارێکی دەرکرد. موسلیم ساری، گوتەبێژی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دوای کۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبردن، گوتی: "لەگەڵ بڕیاری پووچەڵکردنەوەی رەها، هەڵسەنگاندن بۆ ئەو دۆخە کرا کە پارتەکە تێیکەوتووە. گوتمان ناسنامەی دامەزراوەیی جەهەپە هێڵی سووری ئێمەیە. کارە رێکخراوەییەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە و ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆکی لقی پارێزگاکان لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە؛ ژمارەیان 26 کەسە." هەر یەکە لە سەرۆکی لقی جەهەپە لە پارێزگاکانی ئاگری، ئاکسارای، ئاماسیا، ئێلیهـ، بیلەجیک، بۆڵو، چاناککالێ، دەنیزلی، ئامەد، دوزجە، ئێسکی شەهیر، جۆلەمێرگ، ئیدر، قەرس، کرککالە، مانیسا، مێردین، موغڵا، مووش، نیدە، نێڤشەهیر، عوسمانییە، سامسوون، سێواز، دێرسم و سینۆپ لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە. هەروەها حەوت سەرۆک لقی دیکەی جەهەپە رەوانەی لیژنەی پابەندکاری کراون، کە ئەوانیش: سەرۆکی لقی پارێزگاکانی دەنیزلی، موغڵا، ئێسکی شەهیر، سینۆپ، دوزجە، قەرس و دێرسم بوون. هەر بە بڕیاری کڵچدارئۆغڵو، لە قۆناخی یەکەمدا شەش کەسی نوێ بۆ سەرۆک لقی شەش پارێزگا دەستنیشانکران. ئەو شەش کەسە بریتین لە: یڵماز ئۆزکانات (ئێلیهـ)، کۆرای ئاک کڵچ (چاناککالێ)، مەحموود دویان (مێردین)، رەزا تەکەرەک (عوسمانییە)، تۆفیق جایماز (نیدە) و کەمال ئۆزجان (دێرسم). قەیرانی جەهەپە رۆژی 21-5-2026 دادگەی ئەنقەرە لە بڕیارێکدا 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی بە "پووچەڵ و ناکاریگەر" هەژمار کرد. بەمەش هەڵوەشاندنەوەی رەهای بۆ تەواوی کۆنگرەکە دەرکرد و ئۆزگور ئۆزەل لە سەرۆکایەتیی پارتەکەی کەوت. کەمال کڵچدارئۆغڵو کە سەرۆکی پێشووی پارتەکەیە و لە کۆنگرەکەدا شکستی هێنابوو، گەڕێندرایەوە سەر پۆستەکەی. جەهەپە رۆژی 9-9-1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا، پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە، لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەر یەک بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە بە هاوپەیمانیی چەند پارتێکی دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ چوار ساڵ داخرا و بە بڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 38 کۆنگرەی ئاسایی و 22 کۆنگرەی نائاسایی کردووە.
تورکیا01-07-2026بەهۆی سەگی بێلانەوە لێکۆڵینەوە لەگەڵ سێ سەرۆکشارەوانیی ئاکپارتی، جەهەپە و دەم پارتی دەکرێت
تورکیا01-07-2026وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، بەهۆی پرۆسەی چارەسەرییەوە زیاتر لە 2700 خاڵی پشکنینیان هەڵگرتووە