رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) پەیامێک ئاراستەی (کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا) دەکەن و تێیدا داوا دەکەن بڕیاری 'مافی هیوا' بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بخەنە رۆژەڤی کۆبوونەوەکانیانەوە.
ئەمڕۆ هەینی 5ـی حوزەیرانی 2026، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی دەم پارتی بڵاویکردەوە، بە واژۆی تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی، پەیامێک ئاراستەی (کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا) کراوە.
هاوسەرۆکانی دەم پارتی ئاماژەیان بە بڕیارێکی پێشووتری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کردووە کە تێیدا سزای زیندانیی تاهەتایی بێ مافی ئازادکردنی مەرجدار، وەک پێشێلکردنی "مافی هیوا" بۆ ئۆجەلان باسکراوە.
لە نامەکەدا جەخت لەسەر (یاساکانی نێلسۆن ماندێلا)ی نەتەوە یەکگرتووەکان و پرەنسیپی "مافی هیوا" کراوەتەوە و هاتووە، پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش لەو مافانە سوودمەند بێت.
هاوسەرۆکانی دەم پارتی داوایان لە کۆمیتەی وەزیران کردووە بە جیدی مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکەن.
لە نووسراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر لایەنە مرۆیی، یاسایی و سیاسییەکانی ئەو پرسە و تێیدا هاتووە، پرۆسەی چارەسەری کە دەم پارتی بە "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" ناوی دەبات لە تورکیا، پەیوەندییەکی نزیکی بەم پێشهاتەوە هەیە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، پێویستە کۆمیتەکە لە چوارچێوەی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکاندا هەڵوێستێکی بونیاتنەرانە بنوێنێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27 ساڵە لە زیندانی تایبەتی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمراڵی زیندانییە. دەم پارتی پێداگری جێبەجێکردنی مافی هیوا بۆ ئۆجەلان و ئازادکردنی زیندانیانی دیکەی پەکەکە دەکات.
پرۆسەی چارەسەری پرسی کوردی لە تورکیا لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ـەوە دەستی پێکردووە، بەڵام دەم پارتی و پەکەکە دەڵێن، پرۆسەکە خاوە و پێویستی بە هەنگاوی خێراتر و کاریگەرە.
مافی هیوا چییە؟
هەڵسەنگاندنی مافی ئازادکردنی زیندانییە و ئاماژە بەوە دەکات، دەبێت هەموو زیندانییەک هیوای ئەوەی هەبێت رۆژێک لە گرتووخانە بچێتە دەرەوە و تێکەڵ بە کۆمەڵگە بێتەوە، بەڵام ئەوە تاوەکو ئێستا لە تورکیا نەبووەتە یاسا.
هەرچەندە (مافی هیوا) لەلایەن دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپاوە جێبەجێ دەکرێ و بە دادگەکانی تورکیاش گوتراوە کە جێبەجێی بکەن، بەڵام تورکیا نەیکردووە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەمبارەیەوە رەخنەی تووند لە تورکیا دەگرێ و دەڵێ، دەبێت هەموو زیندانییەک دوای 36 ساڵ مانەوە لە ژوورەوە ئازاد بکرێ.
واتە بەگوێرەی ئەو یاسایە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەگەر هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبێت پێویستە 2036 ئازاد بێت.
رێسای نێلسن ماندێلا چییە؟
رێساکانی نێلسن ماندێلا نەخشەڕێگەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە ئاستی جیهانیدا دانی پێدا نراوە بۆ بەڕێوەبردنی زیندانەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانییان، لە ساڵی 2015دا بۆ رێزگرتن لە سەرۆکی پێشووی ئەفریقای باشوور پەسند کران. هەرچەندە ئەمانە وەک یاسا نیشتمانییەکان پابەندکەری یاسایی نین، بەڵام وەک ستانداردێکی نێودەوڵەتی بەکاردەهێندرێن. رێنماییەکان بەسەر 122 رێسای بنەڕەتی دابەشکراون.
رێساکان ئەم ماف و رێکارانەی خوارەوە لەخۆدەگرێ:
شکۆ و پاراستن: قەدەخەکردنی رەهای ئەشکەنجە، سزای تووند یان سووکایەتیپێکەر و زیندانیی تاکەکەسیی بێسنوور یان درێژخایەن.
چاودێریی تەندرووستی: حکومەتەکان بەرپرسیارن لە دابینکردنی چاودێریی تەندروستی بە هەمان ئەو ستانداردەی بۆ خەڵکی گشتی بەردەستە.
دەستگەیشتن بە یاسا: پەیوەندی و دیداری بێ بەربەست و نهێنی لەگەڵ نوێنەرە یاساییەکان (پارێزەران) بۆ ئەو زیندانییانەی تاوانەکەیان بەسەردا ساخ نەبووەتەوە یان لە قۆناخی دادگاییکردندان.
پشکنینی سەربەخۆ: پشکنینی بەردەوامی دەزگا سەربەخۆکان بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و رێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات.
دیسپلین: قەدەخەکردنی سزای دیسپلینیی تووند، وەک سنووردارکردنی ئاوی خواردنەوە یان بەکارهێنانی زنجیر و کۆت و بەند وەک سزا.


.jpg&w=3840&q=75)
