رووداو دیجیتاڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، گرژییەکانی نێو پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) پەیوەندییان بە ئەوانەوە نیە. دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتیی کۆمار کە ئێوارەی دووشەممە 1-6-2026 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، ئەردۆغان گوتارێکی پێشکێشکرد. ئەردۆغان لەبارەی مشتومڕەکانی نێو جەهەپە گوتی: "گرژییەکانی نێو پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن پەیوەندییان بە ئێمەوە نییە. لەو گرژییە سیاسی و یاساییانەی لە هۆڵەکانی کۆنگرەوە بۆ نێو هۆڵەکانی دادگە پەڕیونەتەوە، ئێمە تێیدا نین، نەبووین و نابین." سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند: "ئەوانەی بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان هەوڵی نانەوەی پشێوی دەدەن، با لەبیریان نەچێت کە خاکی ئەم وڵاتە رێگە بە تووندوتیژی، نانەوەی ئاژاوە، تیرۆری شەقام و یاساشکێنی نادات. بە هەر ناو و بیانووێک بێت، رێگە نادەین شەقامەکانمان بشێوێنرێن، گەلەکەمان بەسەر دوو جەمسەردا دابەش بکرێت و خەڵک و هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی یەکدی بکرێنەوە." رۆژی 21-5-2026 دادگەی ئەنقەرە لە بریارێکدا 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی بە "پووچەڵ و ناکاریگەر" لەقەڵەم دا. بەمەش هەڵوەشاندنەوەی رەهای بۆ تەواوی کۆنگرەکە دەرکرد و ئۆزگور ئۆزەل لە سەرۆکایەتیی پارتەکەی کەوت. کەمال کڵچدارئۆغڵو کە سەرۆکی پێشووی پارتەکەیە و لە کۆنگرەکەدا شکستی هێنابوو، گەڕێندرایەوە سەر پۆستەکەی. جەهەپە رۆژی 9-9-2026 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا، پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە، لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەر یەک بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە بە هاوپەیمانی چەند پارتێکی دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 38 کۆنگرەی ئاسایی و 22 کۆنگرەی نائاسایی کردووە.