رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای بۆرییەکانی نەوتی تورکیا (BOTAŞ) رێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ کۆمپانیاکانی SOCARی ئازەربایجانی، TotalEnergiesی فەرەنسی و ADNOCی ئیماراتی واژۆ کرد. بەپێی رێککەوتنەکە لە ساڵی 2029وە بۆ ماوەی 15 ساڵ، تێکڕا 33 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی لە کێڵگەی (ئەبشەرۆن)ی ئازەربایجانەوە هەناردەی تورکیا دەکرێت.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، ئەم رێککەوتنە ئەمرۆ دووشەممە، 1ی حوزەیرانی 2026 لە هەفتەی وزەی باکو، لە ئازەربایجان واژۆ کراوە و ئامانج لێی دابینکردنی ئاسایشی وزەیە بۆ تورکیا، ناوچەکە و ئەورووپا.
بەپێی ئەم گرێبەستە، ساڵانە 2.25 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی لە کێڵگەی ئەبشەرۆنی ئازەربایجانەوە بۆ تورکیا دەگوازرێتەوە.
ئەلپارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لەبارەی رێککەوتنەکەوە گوتی: "رێککەوتنێکی نوێ بۆ دابینکردنی گازی سرووشتی لە کێڵگەی ئەبشەرۆن لە ئازەربایجان واژۆ کراوە، کە ساڵانە 2.25 ملیار مەتر سێجا و بۆ ماوەی 15 ساڵ تێکڕا 33 ملیار مەتر سێجا دەبێت."
تورکیا زیاتر لە 90%ی پێویستییەکانی گازی سرووشتی لە رێگەی هاوردەکردنەوە لە وڵاتانی وەک رووسیا، ئازەربایجان و ئەمریکا و ئێران دابین دەکات؛ ئازەربایجان دووەم ووڵاتە کە گازی سرووشتی بۆ تورکیا دابین دەکات. تورکیا رێککەوتنە کۆنەکانی کڕینی گازی سرووشتی لەگەڵ ئازەربایجان لە ساڵانی داهاتوودا کۆتاییان دەهات، بۆیە ئەم گرێبەستە نوێیە وەک گەرەنتییەک پێشخراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆیی و بەهێزکردنی پێگەی تورکیا وەک وێستگەی گواستنەوەی وزە بۆ وڵاتانی ئەورووپا.
لە ساڵی 2025دا تورکیا گازی سرووشتی لەو وڵاتانەوە دابین کردووە:
- رووسیا 36.5٪
- ئازەربایجان 20.6٪
- ئەمریکا 15.7٪
- ئێران 13.5٪
- جەزائیر 7.7٪
- وڵاتانی دیکە 6.1٪
تورکیا لە ساڵی 2025 دا نزیکەی 60 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی بەکارهێناوە و لە بەرامبەر دا 3.2 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی لەناوخۆ بەرهەمهێناوە.
