رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی سووریا رایگەیاند، کەرتی تەندروستیی وڵاتەکەی تەنیا بۆ گەیشتن بە خاڵی سفر پێویستی بە سێ ملیار دۆلارە و ئاماژەی بەوەش کرد، نموونەی تورکیا نزیکترینە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی تەندروستی لە سووریا.
موسعەب عەلی، وەزیری تەندروستیی سووریا، ئاشکرای کرد کە بەنیازن ئەنجوومەنی باڵای تەندروستی بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع و ئەندامێتیی ژمارەیەک وەزیر دابمەزرێنن، بۆ ئەوەی ئەرکی داڕشتنی سیاسەتە گشتییەکانی تەندروستی لە وڵاتدا بگرێتە ئەستۆ.
سەبارەت بە دابینکردنی دەرمانیش، وەزیری تەندروستیی سووریا گوتی، 80%ـی دەرمانەکان لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێندرێن، هاوکات وەزارەتەکەیان پەنای بردووەتە بەر سندووقی سەروەری بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرمان بە بەهای 62 ملیۆن دۆلار.
24ی تشرینی دووەم، لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی گەلی سووریا بە سەرۆکایەتیی عارف رەزوق، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ موسعەب عەلی، وەزیری تەندروستی و شاندی یاوەری کرد بۆ تاوتوێکردنی دۆخی کەرتی تەندروستی و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی کاری دامەزراوە پزیشکییەکان دەبنەوە.
پێشتر موسعەب عەلی، وەزیری تەندروستیی سووریا، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی هاوئاهەنگیی هاوبەشی لەپێناو سووریا (SPCF) لە 17ـی تشرینی دووەمدا جەختی کردبووەوە، وەزارەت کار لەسەر نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکان، پەرەپێدانی ناوەندەکانی چاودێریی تەندروستی و دانانی پرۆژە لەپێشینەکان لەنێو بەرنامەکانی هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا دەکات.



