ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، بە مەرسوومێکی کۆماری، ئیلهام ئەحمەدی وەک ئەندامی سەربەخۆ لە پەرلەمانی وڵاتەکەی دەستنیشان کرد.
بەپێی ئەو بەڵگەنامە فەرمییەی بڵاوکراوەتەوە، مەرسوومی ژمارە (200)ی ساڵی 2026 لەلایەن سەرۆککۆمارەوە دەرچووە بۆ پڕکردنەوەی کورسییەکی بەتاڵی ئەندامانی سەربەخۆ. بەمەش کۆی ئەندامانی پەرلەمان گەیشتە 206 ئەندام و ژمارەی پەرلەمانتارە کوردەکانیش بۆ 9 ئەندام بەرزبووەوە.
ئەم دەستنیشانکردنە دوای ئەوە دێت کە چەند هەفتەیەک پێش ئێستا، موزر وەفیق حەمدان، پەرلەمانتاری سووریا، بەهۆی پەیوەندییەکانی بە رژێمی پێشووەوە لە پۆستەکەی لادرا.
بەپێی مادەی 45 لە مەرسوومی ژمارە 143، سەرۆککۆمار مافی هەیە لە کاتی دەستلەکارکێشانەوە یان لادانی هەر ئەندامێک، جێگرەوەی بۆ دیاری بکات.
ئەم بڕیارە دوای چەند مانگێک لە هەڵوەشاندنەوەی (هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە) دێت، لە چوارچێوەی رێککەوتنێک بۆ تێکەڵبوونەوە بە دامەزراوە ناوەندییەکانی دەوڵەت.
لە ئاداری 2025دا، ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی رێککەوتنێکیان بۆ راگرتنی شەڕ و یەکخستنی هێزەکان واژۆ کردبوو.
جگە لە ئیلهام ئەحمەد، چەندین فەرماندەی پێشووی هەسەدە پۆستی باڵایان لە حکومەتی نوێی سووریادا وەرگرتووە؛ مەزڵووم عەبدی وەک راوێژکاری سەرۆکایەتی بۆ کاروباری کورد، سیپان حەمۆ وەک یاریدەدەری وەزیری بەرگری و نوورەدین عیسا وەک پارێزگاری حەسەکە دەستبەکاربوون.
ئیلهام ئەحمەد؛ لە عەفرینەوە بۆ دیمەشق
ئیلهام حەنان ئەحمەد، لە عەفرین لەدایک بووە، یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی ئیدارەی خۆسەر .
لە ساڵی 2018 تاوەکو قۆناخی تێکەڵبوونەوەی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ دەوڵەتی سووریا، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بووە.
یەکێک بووە لە ئەندامانی سەرەکیی تیمی دانوستانکار لەگەڵ حکومەتی ناوەندی.
لە ئایاری 2026دا، دوای رێککەوتنی نێوان لایەنەکان، ئیلهام ئەحمەد بۆ یەکەمجار دوای 9 ساڵ توانی سەردانی زێدی خۆی لە عەفرین بکاتەوە.



