رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی سووریا سامانی دەستبەسەرداگیراوی کەسە نزیکەکانی بەشار ئەسەد دەخەنە سەر هەژمارێکی دەوڵەت کە بەهای سامانەکەی بە 50 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێ؛ هەژمارێک کە ئێستا بووەتە چەقی هەوڵەکانی حکومەت بۆ داڕشتنەوەی ئابووریی وێرانبووی وڵاتەکە و راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی.
بە گوێرەی راپۆرتێکی فاینانشاڵ تایمز کە لە زاری ژمارەیەک سەرچاوەوە بڵاویکردووەتەوە، هەژماری سەروەریی سووریا، کە پار لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریاوە دامەزرا، پارەیەکی زۆری لە هەموو کەرتە ئابوورییەکاندا تێدایە، لەوانەش موڵکی کۆمپانیاکانی دەوڵەت لە سەردەمی ئەسەد و ئەو کەس و کۆمپانیایانەی لە سەرۆکی پێشووی سووریاوە نزیک بوون و دەستی بەسەردا گیراوە.
بەپێی وەزارەتی دارایی سووریا، بەهای سامانی هەژمارەکە دەگاتە 50 ملیار دۆلار و کارگەکانی بەرهەمهێنان، مۆڵە بازرگانییەکان، خانووبەرە و پشکی بانکەکان لەخۆدەگرێ.
بە گوێرەی رۆژنامەکە، هەژمارەکە بووەتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ کۆنترۆڵکردنی ئابووریی سووریا. سامانە بەرفراوانەکەی لە هەموو کەرتەکاندا دەسەڵاتی پێدەبەخشێ، لە کاتێکدا بەرپرسەکانی بڕیار دەدەن کێ لە بوارە گرنگەکاندا وەبەرهێنان دەکات.
سائیر لەحام، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەنجوومەنی بازرگانیی سووریا دەڵێ، هەژمارەکە "کاریگەرترین" بووە لە رووی ئابوورییەوە و "ئێستا دەوڵەمەندترین دامەزراوەیە لە سووریا".
بە گوتەی سێ کەس، وەزیری گەشتوگوزار سەرۆکایەتیی کاری هەژمارەکە دەکات کە راستەوخۆ راپۆرت بۆ سەرۆککۆمار بەرز دەکاتەوە و بەڕێوەبەرەکەیشی ئیبراهیم سەکرە، هاووڵاتیی لوبنانی-ئوسترالی. ئیبراهیم لە لیستی گەمارۆکانی ئوسترالیادایە بەهۆی ئەوەی گوایە پەیوەندی بە دەستەی تەحریری شامەوە هەبوو، لقی سووریای رێکخراوی قاعیدە پێش چەند ساڵێک.
هەژمارەکە رەتیکردوەتەوە وەڵامی پرسیارەکان سەبارەت بە سەروەت و سامان، داهات، بەڕێوەبردن و شەفافییەتەکەی بداتەوە، بەڵام باسی لەوە کرد کە "وەک دامەزراوەیەکی نوێ لە قۆناخی دامەزراندنیدا، هەنگاو بە هەنگاو کاروباری خۆی بنیات دەنێت" و کار دەکات بۆ گونجاندن لەگەڵ کۆمەڵێک پێوەری نێودەوڵەتی بۆ هەژمارە سەروەرییەکان.
هەژمارەکە دەڵێ، ئامانجەکەی "پاراستن و گەشەپێدانی سەروەت و سامانەی دەوڵەتی سووریایە" لەگەڵ پەرەپێدانی "هاوبەشیی ستراتیژی کە سەرمایە، تەکنەلۆژیا و شارەزایی دەهێنێتە نێو سووریا".
هەژمارەکە خۆی وەک ئەکتەرێکی سەرەکیی خانووبەرە ناساندووە، کە باڵێکی خانووبەرەی هەیە و لەلایەن محەممەد خەیات لە بنەماڵەی ملیاردێری سووری-قەتەریی خەیاتەوە بەڕێوەدەبرێ، کە لە نزیکەوە لەگەڵ بنەماڵەی ترەمپ کاری کردووە و گرێبەستی گەورەی ژێرخان و وزەی لەگەڵ حکومەتی سووریادا واژۆ کردووە.
گرێبەستە بیانییەکان دەستیان پێکردووە، لەوانە پڕۆژەیەکی خانووبەرە بە بڕی 7 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای ئیماراتیی ئارادە و رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وەک کۆمپانیای تورکیی تیراکی ئاگرۆ بۆ زنجیرەی دابینکردن و کۆمپانیای سعودیی ریاز کەیبڵز گرووپ بۆ دروستکردنی وایەر؛ هەروەها پشکی 25%ی لە دامەزراوەیەکی سووریایی کڕیوە کە لەلایەن کۆمپانیای تەکنەلۆژیی کوێتیی زەینەوە دامەزراوە و مۆڵەتێکی بە 747 ملیۆن دۆلاری بۆ کارپێکردنی تۆڕێکی مۆبایل بەدەستهێنابوو.
هەژمارەکە هەروەها کاری بازرگانیی نوێی دامەزراندووە، لەوانە کۆمپانیای پارەدان کە لە سووریا لەگەڵ ڤیزە کاردەکات و کۆمپانیایەکی نێوخۆیی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل.
زانیاریی گشتیی کەم دەربارەی ئەو سەروەت و سامانە هەیە کە لە کەسانی نزیکی بەشار ئەسەد دەستیان بەسەردا گیراوە.
لیژنەیەکی دەوڵەت کە ئەرکی وەرگرتنەوەی سەروەت و سامانی بە نایاسایی بەدەستهاتووی پێ سپێردرابوو، دەڵێ پڕۆژەکە بەشدارە لە بەڕێوەبردنی 32 دامەزراوە لە بوارەکانی بازرگانی، خزمەتگوزاری و بانکداری کە خاوەندارێتییەکەیان بۆ سامر فۆز، کەسایەتیی ناسراوی سەردەمی ئەسەد دەگەڕێتەوە، هەروەها مۆڵێکی دیمەشق کە محەممەد و وسیم قەتانی بازرگانان دەستی بەسەردا گیراوە. فۆز و وسیم قەتان لەلایەن ئەمریکا و ئەورووپاوە بەهۆی پشتیوانیکردنی ئەسەدەوە خرابوونە لیستی گەمارۆکانەوە.



