رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی سووریا، لە هەنگاوێکی نوێدا، بەفەرمی دوو سەرپەرشتیاری پسپۆڕی بۆ بابەتی زمانی کوردی لە پارێزگای حەلەب دامەزراند.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی عیسمەتوڵڵا رەمەزان، بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندنی لە وەزارەتی پەروەردەی سووریا لەسەرە و لە رۆژی 8ی تشرینی یەکەمی 2026 دەرچووە، دوو کەس وەک سەرپەرشتیاری پسپۆڕی زمانی کوردی لە حەلەب دەستبەکار دەبن.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "ئاماژە بە پێشبڕکێی هەڵبژاردنی مامۆستایان بۆ بابەتی زمانی کوردی و بە لەبەرچاوگرتنی دابەشکردنی مامۆستایان بەسەر قوتابخانەکاندا، هەروەها دوای ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی پشکنین و هەڵسەنگاندن لەلایەن لیژنەی پسپۆڕەوە، هەردوو بەڕێزان مەنان ناسر جەعفەر و عەبدولسەلام حوسێن حوسێن، بەربژێر دەکەین."
بەگوێرەی نووسراوەکە، ئەو دوو کەسە فەرمانبەرن لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی حەلەب و "راسپێردراون بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری سەرپەرشتیاری بابەتی زمانی کوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی حەلەب."
ئەمە یەکەمجارە بە فەرمی لەلایەن حکومەتی سووریاوە سەرپەرشتیاری پسپۆڕ بۆ وانەی زمانی کوردی دادەمەزرێندرێت.
رۆژی 2ی تشرینی یەکەم، محەممەد عەبدولڕەحمان، وەزیری پەروەردەی سووریا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەوە و ئەو پرسانەیان تاوتوێ کرد کە پەیوەندییان بە خوێندن لە رۆژئاوای کوردستان بۆ قۆناخی پێش زانکۆ هەیە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دابینکردنی پەرتووکی پرۆگرامی زمانی کوردی و مامۆستایانی ئەو بوارە، هاوشانی تەواوکردنی رێکارەکانی پەیوەست بە دۆسیەی تێکەڵکردن لە کەرتی پەروەردەدا کرا.
وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی سووریا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە کە وەزیری پەروەردە و فێرکردن بە ئامادەبوونی یوسف عەنان، یاریدەدەری وەزیر، لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتدا هاتووە: "بابەتی سەرەکیی دیدارەکە میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی مەرسوومی سەرۆکایەتیی ژمارە 13ـی ساڵی 2026 و رێنماییە جێبەجێکارییەکانی بوو، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە دابینکردنی پەرتووکەکانی زمانی کوردی و مامۆستایانییەوە هەیە، لە پاڵ تەواوکردنی رێکارەکانی دۆسیەکانی تێکەڵکردن لە بواری پەروەردەدا."



