رووداو دیجیتاڵ
درەنگانی شەوی چوارشەممە، بۆرییەکی گواستنەوەی گاز لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سووریا بە تەقینەوەیەک کرایە ئامانج، کە بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە و لەکارکەوتنی سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا.
ئەم رووداوە دوو رۆژ دوای تەقینەوەیەکی دیکە هات کە بەهۆی کارێکی تێکدەرانەوە لە بۆرییەکی گاز لە رۆژهەڵاتی سووریا روویدابوو.
لێکەوتەکانی تەقینەوەکە لە نزیک وێستگەی تشرین
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە کە دەنگی "تەقینەوەیەک لە غوتتەی رۆژهەڵات لە نزیک دیمەشق بیستراوە." سەرچاوەیەکی حکومیش بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، رووداوەکە "تەقینەوەیەک بووە لە بۆرییەکی گاز لە نزیک وێستگەی کارەبای تشرین" و بووەتە هۆی دروستبوونی "ئاگرێکی گەورە." تشرین وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبایە و بە دووریی 36 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی دیمەشق.
کۆمپانیای کارەبای سووریا لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کردووە کە تەقینەوەکە سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای لەکارخستووە و گوتی: "لەکارکەوتنی ئەم وێستگانە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی کارەبای بەرهەمهێندراو و زیادبوونی کاتیی پچڕانی کارەبا."
قەیرانی وزە و دابەزینی بەرچاوی بەرهەمهێنان
عەبدولحەمید سەڵات، بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن لە وەزارەتی وزەی سووریا رایگەیاند، لێکەوتەکانی تەقینەوەکە تەنیا لە کەرتی کارەبادا نەماونەتەوە، بەڵکو "پەلی کێشاوە بۆ وێستگەکانی دابەشکردن و پاڵاوتنی ئاوی خواردنەوەش."
ئەم تەقینەوانە لە کاتێکدا روودەدەن کە ناڕەزایەتییەکان لە سووریا دژی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی روویان لە زیادبوونە، کە دەسەڵاتداران هۆکارەکەی بۆ جەنگی ئێران دەگەڕێننەوە.
پێداویستیی نێوخۆیی و کاریگەرییەکانی جەنگ
بەرهەمهێنانی نەوت، گاز و کارەبا لە سووریا بە قووڵی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەو جەنگە نێوخۆییەی کە لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2024 وڵاتەکەی وێران کرد. پێشتر سووریا رۆژانە 30 ملیۆن مەتر سێجا گازی بۆ کارەبا بەرهەمدەهێنا، لە کاتێکدا ئێستا بەرهەمهێنانەکەی تەنیا بۆ 8.5 ملیۆن مەتر سێجا دابەزیوە.
بەپێی وتەی محەممەد بەشیر، وەزیری وزەی سووریا، پێداویستیی نێوخۆیی وڵاتەکە بە گاز لە نێوان 22 بۆ 25 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا مەزەندە دەکرێت.

.jpg&w=3840&q=75)
