رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی کۆچی نەرویج (UDI) بە رووداوی راگەیاند، لەدوای نەمانی رژێمی بەشار ئەسەد، واتە لە 1ی کانوونی دووەمی 2025ەوە تاوەکو ئێستا، 77 سووریایی بە ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و 36 کەسی دیکەش دیپۆرت کراونەتەوە. بەپێی زانیارییەکانی ئەو فەرمانگەیە، ئێستا 18,455 هاووڵاتیی سووریایی مافی پەنابەرێتییان لەو وڵاتەدا هەیە.
پێریان برێکە، بەرپرسی بەشی راگەیاندن و چاپەمەنی لە فەرمانگەی کۆچی نەرویج (UDI)، ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ی ئەیلوولی 2026، بە کەهی مەحموود، هەواڵساز لە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەر کەسێک پێش تەواوبوونی وادەی دیپۆرتکردنەوەکەی بڕیاری گەڕانەوە بۆ وڵاتی دایکی بدات، بڕی 15,000 کرۆنی نەرویجی، کە دەکاتە 1,377 یۆرۆ، وەک هاوکاری وەردەگرێت.
برێکە گوتیشی، "ئەگەر دوای وادە دیاریکراوەکە داوای گەڕانەوە بکات، تەنیا 5,000 کرۆنی نەرویجی پێ دەدرێت."
فەرمانگەی کۆچی نەرویج هاوکات هاوکاریی دیکەی وەک دابینکردنی بلیتی فڕۆکە یان بەشێک لە تێچووی گەشتەکە پێشکێش دەکات تاوەکو چیدیکە باری دارایی نەبێتە ئاستەنگ لە بەردەم گەڕانەوەیاندا.
برێکە ئاشکرای کرد، ئەو 18,455 سووریاییەی لە نەرویج دەژین، بەم شێوەیە دابەشی سەر جۆرەکانی مافی نیشتەجێبوون و پەنابەرێتی بوون:
- یەکگرتنەوەی خێزان: 6,026 کەس
- پەنابەرێتی: 3,845 کەس
- مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی: 3,284 کەس
- جۆرەکانی دیکە: 125 کەس
- نیشتەجێبوونی نوێ: 5,175 کەس
.jpg&w=3840&q=75)

