رووداو دیجیتاڵ
سەربازێکی کوردی سوپای سووریا، لەلایەن گرووپێکی چەکداری نەناسراوی عەرەبەوە بە چەقۆ کوژراوە. سەرچاوەیەکیش دەڵێ: "سەریان بڕیوە."
ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداو لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێت: گرووپێکی چەکداری نەناسراو ئەم شەڕڤانەی خەڵکی حەسەکەیان سەربڕیوە. ناوی (سامی حوزنی)یە و ناسناوی (سیپان)ی هەبووە.
سیپان، لە گەڕەکی موفتیی شاری حەسەکە دەژیا. دوای ئەوەی لەلایەن چەند چەکدارێکەوە دەستبەسەر دەکرێ، دەیبەنە رێگەی دێرەزوور و لەوێ بە چەقۆ دەیکوژن و دواتر تەرمەکەشی گولـلەباران دەکەن.
تاوەکو ئێستا هیچ گرووپ و کەسێک ئەو کارەی لە ئەستۆ نەگرتووە. پەیامنێری رووداو گوتی، نیوەشەو تەرمەکەیان گەیاندووەتە حەسەکە و بەخاکی دەسپێرن.
برایەکی سیپان حەسۆ لە
راگەیێندراوێکدا داوای لە ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی
سوریا و هەر لایەنێک کردووە کە دەتوانێت کاریگەری دروست بکات، هەنگاوی جدی بۆ
ئاشکراکردنی تاوانەکە و لێپێپێچینەوە لە تاوانکاران هەڵبگرن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سیپان
حەسۆ " بەشێوەیەکی دڕندانە شەهید کراوە". ئەوەش تاوانێکە نابێت بەبێ
لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی تێپەڕببێت و لەبیر بکرێ.
سامی کێیە؟
ناو: سامی شێخمووس حەسۆ
ناسناو: سیپان حەسەکە
کار: سەرباز لە لیوای حەسەکەی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا
تەمەن: 26 ساڵ
خێزان: پێشتر دوو برای لە شەڕی دژی داعش شەهید بوون بە ناوەکانی حوسێن و سیپان. دوای شەهیدبوونی سیپان، ناوی ئەوی وەکو ناسناو بۆ خۆی دانا. سامی، ژیانی هاوژینی پێکنەهێناوە و دایک و باوکیشی کۆچی دواییان کردووە. ئێستا 5 خوشک و 7 برای هەیە.
