رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، پێشوازیی لە بڕیارەکەی ئەمریکا کرد بۆ لادانی ناوی وڵاتەکەی لە لیستی ئەو دەوڵەتانەی پشتگیریی تیرۆر دەکەن. ئەم هەنگاوە بە وەرچەرخانێکی گەورە بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دادەنرێت.
سەرۆکی سووریا لە گوتارێکدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ سووریا پەڵەیەکی رەش لە کۆڵی خۆی دەکاتەوە و لاپەڕەیەکی پڕ لە ئازاری رابردووی دەدڕێنێت بۆ ئەوەی دەست بە قۆناخێکی نوێ لە گەشەپێدان و بنیاتنانەوە بکات."
بڕیارەکەی واشنتن کە رۆژی دووشەممە دەرچوو، کۆتایی بە چەندین ساڵ سزای تووند و بەربەستی ئابووری هێنا. ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبینرێت، ئەوەش دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە ساڵی 2024. ئەحمەد شەرع سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و هەموو ئەو وڵاتە دۆستانەی کرد کە لەم قۆناخەدا هاوکاری سووریا بوون.
هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ناوی بەرەی نوسرە، کە دواتر بە دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) ناسرا) لە لیستی تیرۆری جیهانی دەرهێنا. ئەحمەد شەرع خۆی سەرکردایەتی ئەو گرووپەی دەکرد کە رۆڵی سەرەکییان هەبوو لە رووخانی رژێمەکەی ئەسەد. ئەم گرووپە پێشتر لقی قاعیدە بوو لە سووریا، بەڵام لە ساڵی 2016ـدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو رێکخراوە پچڕاند.
کرانەوەی دەرگای وەبەرهێنان
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەم هەنگاوە رێگەی خۆشگوزەرانی بۆ سووریا دەکاتەوە و هەموو بەربەستە سەرەکییەکانی بەردەم کەرتی تایبەت بۆ وەبەرهێنان لادەبات. ئەمەش هاوکار دەبێت بۆ گەڕانەوەی سووریا بۆ نێو سیستەمی ئابووریی جیهانی.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریاش ئەم بڕیارەی بە وەرچەرخانێکی مێژوویی ناوبرد و گوتی: "ئەمە نیشانەی پابەندیی دەوڵەتی نوێی سووریایە بە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی."
هەروەها محەممەد بەرنییە، وەزیری دارایی سووریا رایگەیاند: "ئەم سەرکەوتنە دبلۆماسییە دەرگایەکی گەورە بۆ هێنانی تەکنەلۆجیای نوێ و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکە دەکاتەوە کە بەهۆی زیاتر لە دە ساڵ شەڕی ناوخۆوە وێران ببوو."



