رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا و سووریا، ئیسرائیل بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆسەر بنکەیەکی سەربازیی لەکارکەوتوو لە پارێزگای حەلەب لە باکووری رۆژئاوای سووریا تۆمەتباردەکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە گرژییە سیاسی و سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا زیادیان کردووە و تەلئەڤیڤ جەخت لەسەر مانەوەی هێزەکانی لە سووریادا دەکاتەوە.
سێشەممە، 18ی ئابی 2026، سەرچاوەیەکی سەربازی لە وەزارەتی بەرگریی سووریا بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی هەمان رۆژدا 8 جار گۆڕەپانی فڕین و نیشتنەوەی بنکەی ئاسمانیی (ئەبو زھوور)یان لە پارێزگای حەلەب کردووەتە ئامانج. هێرشەکە بووەتە هۆی تێکدانی ژێرخانی بنکەکە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێسی گوت، ئەم بنکە سەربازییە لە ساڵی 2012ەوە بە تەواوی لەکارکەوتووە.
نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا چی دەڵێ؟
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و باڵیۆزی واشنتن لە ئەنقەرە، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هێرشەکانی ئیسرائیلی پشتڕاستکردەوە و نووسیویەتی: "هێرشە ئاسمانییە پشتڕاستکراوەکانی ئیسرائیل بۆسەر بنکەی ئاسمانیی ئەبو زوھور لە پارێزگای حەلەب، تەنیا دۆخەکە ئاڵۆز دەکات و هیچ خزمەتێک بە سەقامگیریی ناوچەکە ناکات."
باراک جەختیشی کردەوە لەوەی واشنتن هانی تەواوی لایەنەکان دەدات کە گفتوگۆی ژیرانە و لۆجیكی بخەنە پێش رووداوە سەربازییەکان.
ئیسرائیل بەشیوەیەکی فەرمی هێرشەکەی پشتراست نەکردووەتەوە و هیچ شتێکی لەبارەوە نەگوتووە، بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە دەڵێ: "زانیاریی هەواڵگریی زۆر هەستیار دراوەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە بەرزترین ئاستی ئاژانس و دامەزراوە جیاوازەکاندا."
بەرپرسە باڵاکەی ئیسرائیل بە فۆکس نیوزی گوت: "ئەحمەد شەرع تێدەگات لەوەی کە ناتوانێت وەک رژێمی پێشووی سووریا رەفتار بکات، کە یارمەتی هێزی بەوەکالەت و میلیشیایی بدات."
وەزارەتی دەرەوەی سووریا هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و بە "دەستدرێژییەکی بێ پاساو" ناوی برد. وەزارەتەکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد هەڵوێستی تووند دژی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سەروەریی خاکی سووریا بگرنەبەر.
لە دوای رووخاندنی رژێمی ئەسەد لە کانونی یەکەمی 2024 لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە کە تەلئەڤیڤ بە جیهادییان دەناسێنێت، ئیسرائیل سەتان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی سووریا کردووە. جگە لەوەش، هێزەکانی ئیسرائیل چوونەتە نێو ناوچەی داماڵدراو لە چەک لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە ساڵی 1974ەوە هێزەکانی ئیسرائیل و سووریای لە بەرزاییەکانی جۆلان جیا دەکردەوە.
بەرپرسانی ئیسرائیل بە ئاشکرا رایانگەیاندووە کە دەیانەوێت هێزەکانیان لە ناوچەیەکی ئەمنی لە باشووری سووریا بهێڵنەوە تاوەکو ناوچەیەکی داماڵدراو لە چەکی بەرفراوانتر دروست دەکەن.

