رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارانی نەناسراو بۆ سەر خاڵێکی سوپای سووریا لە باشووری قامشلۆ، دوو سەرباز گیانیان لەدەستدا و دووی دیکەش بریندار بوون.
بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا بڵاویکردەوە، خاڵێکی "سوپای عەرەبیی سووریا" لە گوندەواری قامشلۆ رووبەڕووی هێرش بووەتەوە، کە تێیدا "دوو سەرباز" گیانیان لەدەستدا و دووی دیکەش بریندار بوون.
ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداو لە قامشلۆ رایگەیاند، ئەو کەسانەی لەو هێرشەدا کراونەتە ئامانج، پێشتر شەڕڤان بوون و سەر بە لیوای قامشلۆن. ئەم لیوایە سەر بە فیرقەی 60ـی وەزارەتی بەرگریی سووریایە.
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکە لە گوندی (تەویل حرب) لە گوندەواری قامشلۆ ئەنجامدراوە. ئەو ناوچەیە بە ناوچەیەکی عەرەبنشین دادەنرێ، بەڵام کەتیبەیەکی ئەندامە کوردەکانی تێدا جێگیر کراوە.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.


